کێ پاپای هانداوە بێتە عێراق؟

پاپا هۆکاری سەرەکی هاتنی بۆ عێراق و هەرێم ئاشکراکرد

لڤین: پاپا هۆکاری سەرەکی هاتنی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان ئاشکراکرد و ڕایگەیاند، کە هۆکاری سەرەکی هاتنەکەی کتێبەکەی نادیە موراد بووە.

ڕاپۆرتێکی بەشی فارسی ماڵپەڕی دۆچە ویلە (DW)، هۆکاری سەرەکی هاتنی پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیکان، لە زاری خۆیەوە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، سەرەڕای ئەوەی پاپا ئاماژەی بە پێداگری و بانگھێشتی کەسایەتییە عێراقییەکانی وەک باڵیۆزیی عێراق لە ئیتالیا و سەرۆک کۆماری عێراق کردووە، بەڵام ئەوەی ئاشکرا کردووە کە پاڵنەری سەرەکی سەردانەکەی بۆ عێراق ئەو پێداگرییانە نەبووە، بەڵکو کتێبێکی نادیە مورادی خوێندووەتەوە بەناوی (دوا کچ) کە پەیامنێرێکی ژن بە دیاری پێیداوە، وەک پاپا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە ناو فڕۆکەدا لە کاتی فڕیندا ئاشکرایکردووە “کتێبەکەم بە زمانی ئیتاڵی خوێندەوە، کە دەربارەی چیرۆکی ئێزدییەکان بوو”، وتیشی: “ڕەنگە لە هەندێک خاڵدا سەیر بێت بەڵام بۆ من هۆکاری سەرەکی بڕیاردانم بوو گەشتکردن بۆ عێراق”.

سەرەڕای ئەو “شتە سامناکە”ی لە کتێبەکەدا گێڕدراوتەوە، پاپا پێشنیازی خوێندنەوەی کتێبەکەی کردووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە دوێنێ ڤیان دەخیل، لەبارەی سەردانەکەی پاپا بۆ هەرێمی کوردستان رایگەیاند، “سەردانەکەی پاپا بۆ عێراق و هەرێم لەسەر بانگهێشتنامەی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی بوو”.

نادیە موراد لە ساڵی 2016دا خەڵاتی تایبەتی مافی مرۆڤی ڤیلاڤ هاڤێل-ی پێبەخشرا، بەهۆی هەوڵەکانی لەسەر چارەنووسی ئێزدییەکان، هەر ئەو ساڵە خەڵاتی ساخارۆڤی پەرلەمانی ئەوروپای بردەوە، لە مانگی تشرینی یەکەمی 2018 خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەدەستهێنا و جگە لەوانەش، ئێستا خۆی و کتێبەکەی بوونەتە هۆکاری سەرەکی سەردانی پاپا بۆ عێراق.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button