شێخ لاهور، ئەگەرو ئەستەنگەكانی بەردەمی

ئەم نوسینەم تەرخان كردوە بۆ شێخ لاهور و یەكێتی و زۆنی دەسەڵاتی حزبەكەی، گەر خوا یاوەر بێت لە ئایندەدا لەسەر تەوەرەكانی تریش دەنوسم.

پێشەكی
شێخ لاهور وەك هاوسەرۆكێكی یەكێتی ئیرس و ئەركی قورس و ئاڵۆز كەوتونەتە ئەستۆی، سەبارەت بە یەكێتی پاراستن و گەشەپێدانی پرەنسیپە رەسەنە دێرین و دەسكەوتە مەزنەكانی مێژوی یەكێتی، ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوخۆی یەكێتی و سازدانی هاوسەنگی و ئارامی نێوان فرە جەمسەرەكانی حزبەكەی، مامەڵەكردنی ورد و پێویست لە گەڵ كورەكانی مام جەلال و خانەوادەكەی و رۆڵی لە بەرێوەبردنی سەرجەم بوارەكانی تری ناو یەكێتی بۆ نۆژەنكردنەوە لە پێشەكی ئەركەكانیدان.

لە دەرەوەی یەكێتیش روبەروی چەندین هاوكێشە و واقیعی ئاڵۆز و قورس بۆتەوە، لە مەقامی یەكەمدا حوكمرانی زۆنی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی و ئەو نارازیە بەرفراوانەی هاوڵاتیان لە سنوری ئەو دەسەڵاتەدا كە بەردەوام خەستتر دەبێت، بەرقەراركردنی ئازادی بیر و را و سەروەری یاسا و رێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ، دابینكردن و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری زۆنی دەسەڵاتی، پەیوەندیەكانی یەكێتی لە گەڵ هێزەكانی زۆنەكە، هەروەها لە گەڵ ئێران و توركیا و پەكەكە و دیموكراتی ئێران و تێكۆشەرانی رۆژئاواش تەوەرێكی گرنگی ترە.

لەسەر ئاستی هەرێم یەكێتی بەشداری حوكمرانیەكە كە دەسەڵاتی فیعلی پارتی تێیدا بەمەبەستی سیاسی و بۆ رازیكردن و بێدەنگكردنی بەشێكی یەكێتی ئاورێكیان لێدەداتەوە، هاوكاتیش هەڵوێستی توندی بەرامبەر بە شێخ لاهور و هەوادارانی هەیە، كورد وتەنی بانێكە و دو هەوا.

سەرەرای ئەوەی شێخ لاهور لەسەر ئاستی عێراق بەسودوەرگرتن لە مێژوی یەكێتی و لەقەبی تالەبانی و ناكۆكیە توندەكانی لە گەڵ پارتی و سەركردایەتیەكەی توانیویەتی تا رادەیەك پێوەندیەكی نەرم لە گەڵ بەشێك لە دەسەڵاتدارانی بەغدا هەڵچنێت كە تا ئاستێك وەڵامی داخوازیەكانی شێخ لاهور دەدەنەوە، بەڵام لەم هاوكێشە ئاڵۆزەدا دەسەڵاتی بەغدا مامەڵەیەكی دوفاقەیی و نادیار لە گەڵی دەكەن، هۆشیاری و بەئاگابون لەم داوە شاردراوە یەكێكە لەو ئەركە هەستیارانەی روبەروی شێخ لاهور بۆتەوە.

بە تەنیشت ئەم واقیعە ئاڵۆزەشەوە شێخ لاهور خۆشی بوێت یاخود ترش، كێشەی خەستی كەركوك و ناوچە زەوتكراوەكانی تری كوردستان لە زۆر روەوە روبەروی بۆتەوە و یەخەشیان گرتوە.

بۆ ئەوەی لە بیر نەچێت شێخ لاهور لە رابوردودا وەك بەرپرسی دژەتێرۆری ناوچەی دەسەڵاتی حزبەكەی پەیوەندی و هەماهەنگی توند و تۆلێ لە گەڵ هێزەكانی هاوپەیمانان، تایبەت ئەمریكا، هەبوە، ئێستا لە پێگەیەكی جیاواز لە پێشو دەبێت مامەڵەیان لە گەڵ بكات.

ئەمانە بە كورتی ئەو ئەرك و دۆخانەن كە بەگشتی روبەروی یەكێتی و بە تایبەت شێخ لاهور بونەتەوە. با بزانین شێخ لاهور لە گەڵ تەوەرە گرنگەكانی ئەم واقیعەدا تا ئێستا چۆن مامەڵەی كردوە!

یەكێتی
شێخ لاهور لە دوا كۆنگرەی یەكێتیدا سەركەتوانە پێگەیەكی بەهێزی بە دەستهێنا، زۆربەی سەركردە دێرینەكانی یەكێتی هێمنانە بە پێكهاتە و پۆستی رەمزی حزبی رێزی لێگرتن و لە سەنتەری سەرەكی بریاردانیش دوركەوتنەوە، لە ئێستادا دەسەڵات و جەمسەرگەریان لە ناو رێكخستنەكانی یەكێتی و جومگەكانی حوكمرانی و هێزەكانی پێشمەرگەی یەكێتیدا كاڵبونەتەوە، باوەریش ناكەم شێخ لاهور لە بریار و بەرێوەبردن و پەیوەندیە گرنگ و بەرفراوانەكانی حسابێكی بەردەوامی بۆ سەركردایەتیە دێرینەكەی یەكێتی كردبێت. هەرچەندە زۆربەی زۆری ئەو سەركردە و كادرە دێرینانە بەرپاكەرانی شۆرشی هەستانەوەی دوای شكستی شۆرشی ئەیلول بون و خاوەنی خەبات و قوربانیدانێكی بێ وێنەن، بەڵام لە ساڵانی دواییدا زیاتر سەرقاڵی بەرژەوەندیە تایبەتیەكانی خۆیان و دەوروبەریان بون و هەڵوێست و رەفتاری سیاسیان چەسپاو و رون نەبون. خەڵكێكی زۆر، تایبەت گەنجەكان، لە یەكێتی و دەرەوەشی ئەم هەنگاوانەی شێخ لاهور بە ئەرێنی هەڵدەسەنگێنن و پشتگیریشیان كردوە. لە گەڵ ئەوەشدا ئەمە كۆتایی ئەم بەشە نیە چونكە هاوڵاتیان شێخ لاهور و دەوروبەرەكەشی دەبینن، دەزانن لە چەند كاری نایاسایی و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتدا رۆڵی هەستیاریان هەبوە، بۆیە دوركەوتنەوەیان لەو رەفتارانە هەنگاوێكی گرنگە بۆ زیاتر بەهێزكردنی پێگەی یەكێتی و خودی شێخ لاهور. كاتێك سەركردەیەك وەك هاوڵاتی بیر بكاتەوە و بگوزەرێت و لە خەم و مەراق و نارازی و داواكاریەكانی تێبگات و كاری جدیان بۆ بكات ئەوا سەركەوتن بۆ نەتەوە و حزب و خودی خۆشی بەدەست دەهێنێت.

ئاشكرایە ئەو پێگەیەی شێخ لاهور لە یەكێتیدا بە دەستی هێناوە لە پلەی یەكەمدا بۆ تەوریسی سیاسی ناگەرێتەوە، پشكی شێری بۆ توانا و هیمەتی خۆی دەگەرێتەوە. سەرەرای ئەوەی لەقەبی تالەبانی مایەی شانازیە بۆ شێخ لاهور، بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا لە پێگە و بەرپرسیاریەتی ئێستایدا بۆتە پارادۆكسێكی ئاڵۆز و قورسی سیاسی و حزبی و كۆمەڵایەتی لە بەردەمیدا. سەرەرای بۆچون و هەڵسەنگاندن و نیەتی جیاواز بەڵام شێخ لاهور ناچارە بەردەوام رەچاوی هەر دو كور و بنەماڵەی مام جەلال بكات، بۆ نمونە، بافڵ تاڵەبانی كورە گەورەی مام جەلال هاوسەرۆكەكەی تری یەكێتیە، لە زۆر بۆنەدا مسعود بارزانی بە مەرجەع و مامی خۆی پێناسە دەكات و ناو بەناویش یەكتر دەبینن و لێكتێگەیشتن و رێكەوتنیش ساز دەكەن، هاوكات شێخ لاهور سەدان پلە بە پێچەوانەی بافڵ هەلوێستی راشكاوی بەرامبەر بە مسعود بارزانی و دەسەڵاتی حزبەكەی هەیە. بە كوردی و كورتی دوو هاوسەرۆكی یەكێتی بە دوو ئاراستەی زۆر دوور و پێچەوانەی یەكتر مامەڵە لە گەڵ پارتی و سەركردەكەی دەكەن. هاوڵاتی كورد ناهەقی نیە گومانی لە نیەتەكانیان لا دروست بێت و بپرسێت ئەم جیاوازیە هەستیارە دابەشكردنی رۆڵە لە نێو خۆیاندا و بەشێكە لە گەمەی سیاسی ؟ یاخود رەنگدانەوەی نیەتی راستەقینەی ئەو دوو سەركردەیەیە؟

منداڵی سەر بێشكەش دەرك بەم جیاوازیە گرنگە هەستیارە دەكات، پێویستە دەرك بەو راستیە بكرێت كە هەر هۆكار و زەمینەیەك لەپشت ئەم جیاوازیەدا هەبن نەتەوە و نیشتمان باجە سەرەكیەكەی دەدەن نەك ئەو بەرپرس و سەركردانە.

پرسیارێك لێرە خۆی دەوریژێنێت، ئەویش: ئایا شێخ لاهور تەنها لە بەرخاتری مام جەلال دەرباری ئەم جیاوازیە هەستیارە بێدەنگە و چەند جارێك لە سەرهەڵدانی كێشەكان نێوان دەسەڵاتی هەولێر و دەسەڵاتی سڵیمانی لە دوا مەتافدا دڵی هەولێر نیگەران ناكات، یا هۆكاری تریش هەیە؟

بێگومان رێزگرتن لە خانەوادەی مام جەلال ئەركێكی كۆمەڵایەتی و ئەخلاقیە، چەندین جار بینراوە كە چەند هەڵوێست و رەفتارەكانی شێخ لاهور هەقیانەت و بوێریان تێدا بەدی دەكرێت، بەڵام لە ژێر فشاردا، تایبەت لەلایەن دو كورەكەی مام جەلال دا دەگەرێتەوە بۆ خاڵی سەرەتا، لە دوا مەتافدا ” گەمەكە ” بەو شێوەیە بەردەوامە. ئەزمونەكان دەریدەخەن ئەو دۆخەی ناو یەكێتی بۆ پارتی زەرەربەخش نیە، بەڵام بەرپرسیاریەتی و خەتای پارتی نیە لوتكەی دەسەڵاتی یەكێتی بەو جۆرە رەفتار دەكەن. لە تەوەری یەكێتی و حوكمرانیدا دێمە سەرباسی قوبادتالەبانی ، دوەم كوری مام جەلال.

دوای كۆنگرە ئەنجومەنێكی سەركردایەتی هەڵبژێردرا كە ژمارەی ئەندامانی سەدی تێپەراندوە كە نوێنەرانی یەكێتین لە سەرجەم ناحیە و قەزا و شار و شارۆچكە و ناوچەكانی كوردستان، ژمارەیەكی زۆریان گەنج و خوێنی نوێی ناو یەكێتین، ئەركێكی سەرەكی شێخ لاهورە بە شێوازێكی سیستەماتیك و دارێژراو كار بۆ پەروەردە و گۆشەكردنی دروستی ئەو نەوە نوێیە بكرێت و بۆ ئایندە ئامادە بكرێن، مەخابن ئەوەی دەبینرێت لەو ژمارە زۆرە كەمتر لە ژمارەی پەنجەكانی دو دەست قسە و باس و كاری خۆیان دەكەن و لای هاوڵاتیان ناسراون، ئەم كەلێنە بێ چارەكردن دەبێتە هۆكارێكی زۆر سەخت لە بەردەم هەستانەوە و بوژاندنەوەی حزبەكەی شێخ لاهور.

ئەم باسكردنەی خوارەوە وەك ئەزمونێكی گرنگ باس دەكەم:

كاریگەری جمال عبدالناصر لەسەر مام جەلال كەمنەبوە، چەندین بەڵگە و دۆكیۆمێنت پیشانمان دەدەن كە مام جەلال سودی باشی لە ئەزمونەكانی عبدالناصر و ” الاتحدا العربی الاشتراكی”ەكەی لە دروستكردن و كارنامەی یەكێتیدا كردوە.

جمال عبدالناصر و هاورێكانی دوای سەركەوتنی شۆرشی میسر لە تەموزی ١٩٥٧ ” الاتحاد القومی العربی” یان دروستكرد بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەكانی شۆرش، ئەم حزبە نوێنەرایەتی هزری نەتەوەیی موحافزكاری دەكرد، لە ساڵی ١٩٦٢ عبدالناصر هەڵوەشاندنەوەی اتحاد القومی راگەیاند، هاوكاتیش كارنامەی میساقی نیشتمانی راگەیاند كە دروستبونی ” الاتحدا الاشتراكی العربی” لێكەوتوە.

رێكخستنێك بربرەكەی بریتی بون لە كرێكار و جوتیار و رۆشنبیر و خوێندكاران.

مام جەلال لە دروستكردنی یەكێتیدا سودێكی بەرچاوی لە ئەم ئەزمونە وەرگرتوە، پرسێكی نەتەوەیی و نیشتمانی پابەند بە هزری فرە را و دادپەروەری و سۆشیالیزم.

سەرەرای جیاوازیە جیۆپۆلیتیك و سیاسیە زۆرەكانی ئەم دو نمونەیە بەڵام كرۆكەكەیان زۆر لەیەك نزیكن. دوای وەفاتی عبدالناصر هاورێ دێرینەكانی كە جێگرەوەی بون نەیانتوانی هەناوی پەیامە رەسەنەكەی بپارێزن، بۆیە تا دەهات پێگەی میسر لە رابەرایەتیكردنی بزافی نەتەوەیی عەرب روی لە لاواز بون بو، لە ئێستادا ئیرسی سیاسی و فكری و حزبی عبدالناصر پشتگوێ خراوە.

هۆكاری سەرەكی گەندەڵی و قۆرخسازی و لادان و پاشەكشەی سەركردەكانی دوای عبالناصر بون، زەقترینیان نمونەی گەندەڵی و ستەمكاری دەسەڵاتی سەردەمی حسنی موبارەك و خانەوادە و دەوروبەرەكەیەتی، حسنی مبارەك كە دۆستی نزیك و هاورێی عبدالناصر بو لە سەرەتای دروستبونی ” چباگ الاحرار” ەوە ، دواتر لە
” بەهاری عەرەبیدا’ رژێمەكی روخێنرا و خۆی بەو دەردەچو كە چو. ئەم ئەزمونە وچەندی تریش دەیسەلمێنن هەر حزب و هێزێك مەرجەعە رەسەنەكەی لەدەستدا و جێگرەوەی نەبو و پێرەوی سەركردایەتی دەستەجەمعی نەكرد رو لە ئاوابون دەكات.

لە ئێستادا یەكێتی زیاتر لە هەمو كاتێك مەترسی گەورەی لەبەر دەمدایە، سەركردەكانی یەكێتی دوای وەفاتی مام جەلال نێوان خۆیان رێك نەكەوتن، بەشێك لێیان لە گەندەڵی و ستەمكاری و لادان تێوەگلان و متمانەی خەڵكیان لە دەستداوە، دوای دوا كۆنگرە نەوەیەكی نوێ چونەتە جومگە هەستیارەكانی یەكێتی، بەپێی لێدوانەكانی بێت شێخ لاهور رابەرایەتی پرۆسەی نۆژەنكردنەوە و بەدامەزراوەكردنی یەكێتی دەكات، پرۆسەیەك بە خۆپێناسكردنەوە دەست پێدەكات و پێویستی بە بەرچاورونی سیاسی و شەفافیەت و دادپەروەری و دەستپاكی و رێزگرتن لە یاسا و نەریتە كۆمەڵایەتیە بەهادارەكان هەیە.

لە جومگەكانی حزبی و حوكمرانی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی ئاستێكی بەرچاوی گەندەڵی و قۆرغكاری و ستەمكاری دەكرێت، هاوڵاتیان لەو دیاردانە تا سەر ئێسك بێزار و تورەن. دەزانم شەركردنی ئەو جۆرە كەس و گروپ و دەسەڵات و جومگانە ئاسان نیە، بەڵام تەمێكردن و سزادانیان ئەوەندە ئەستەم نیە.

چەندین جار هاوڵاتیانی ناوچەی دەسەڵاتی یەكێتی خۆپیشاندان و جورێك لە راپەرینیان بەرامبەر ئەو دۆخە ئەنجام داوە، بە فەرمانی دەسەڵاتدارانی یەكێتی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیس بەچەك سەركوتی خۆپیشاندەرانیان كردوە و لە ئاكامیشدا ژمارەیەكی بەرچاو هاوڵاتی نارازی كوژراون، بریندار كراون و دور لە یاسا و رێساكان گیراون و سزای هەرەمەكی دراون.

شێخ لاهور بێبەری نیە لە بەرپرسیاریەتی ئەو كارانە، گەر پێچەوانەی ئەم بۆچونە راستە با بفەرموێت بەفەرمی خۆی لەو بەرپرسیاریەتیە بێبەری بكات، وێرای ئەوەی سەردانی خانەوادەی شەهید و برینداربوانی خۆپیشاندانەكان و لێدوانی دڵنەواییكردنەوە كاری باشن، بەڵام زامە قوڵ و خەستەكان سارێژ ناكەن.

تا ئەو چركەیەی ئەم جۆرە كار و رەفتارانە لە زۆنی دەسەڵاتیدا بەردەوام بن شێخ لاهور لە سەر بەرماڵی پێغەمبەریش (د.خ) نوێژ بكات نابێتە شایستەی متمانەی دانیشتوانانی دەڤەری دەسەڵاتی یەكێتی، تایبەت پارێزگای سلێمانی، چونكە خۆشی دەزانێت بێدەنگی پچرپچری سلێمانی مانای رازیبون و موتیعی نیە، بۆیە چاوەروانیش بێت خۆپیشاندان و سەرهەڵدان و نارازی لە سنوری دەسەڵاتیدا بەردەوام دەبێت، كوشتن و گرتن و سزادان لەلایەن هێزەكانی سەر بە حزبەكەی هیچ لەو راستیە ناگۆرێت كە كێرڤی هەستانەوەی یەكێتی بەرەو داكشان بەردەوام دەبێت، خەونەكانی شێخ لاهوریش هەر وەك خەون دەمێننەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button