مەسرور بارزانی: پابەندین بە ڕووبەڕووبوونەوەی هەر جیاکارییەکی ڕەگەزیی

لڤین: مەسرور بارزانی، بۆ هەشتی مارس پەیامێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، پابەندین بە ڕووبەڕووبوونەوەی هەر جیاکارییەکی ڕەگەزیی و پەراوێزخستنی رۆڵی ژنان.
بەبۆنەی 8ی مارس رۆژی جیھانی ژنان، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی بڵاو کردەوە.
لە بەشێکی پەیامەکەدا دەڵێت: “پشتیوانیی لە رۆڵی کارا و شایستەی ئافرەتانی کوردستان دەکەین لە بوارە جیاکانی کۆمەڵگە و دامەزراوەکانی حکومەتدا”.
هەروەها جەختدەکاتەوە لەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پابەندبوونی خۆی بە ڕووبەڕووبوونەوەی هەر جیاکارییەکی ڕەگەزی و پەراوێزخستنی رۆڵی ئافرەتان، دووپات دەکاتەوە.
دەقی پەیامەکە:
لە یادی هەشتی مارس، رۆژی جیهانیی ئافرەتان، گەرمترین پیرۆزبایی لە ئافرەتانی کوردستان و جیهان دەکەم. بە پێزانینەوە لە خەبات و تێکۆشانی ئافرەتانی کوردستان دەڕوانین لە پێناو یەکسانیی و دادپەروەری کۆمەڵایەتیدا.
بەشداریی ئافرەتانی کوردستان، لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی ستەم و داگیرکاریدا، مایەی شانازییە و ئافرەتانی کوردستان، هەمیشە نموونەی قوربانیدان و خۆڕاگری و داکۆکیکردن بوون لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، پابەندبوونی خۆی بە ڕووبەڕووبوونەوەی هەر جیاکارییەکی ڕەگەزی و پەراوێزخستنی رۆڵی ئافرەتان، دووپات دەکاتەوە. پشتیوانیی لە ڕۆڵی کارا و شایستەی ئافرەتانی کوردستان دەکەین لە بوارە جیاکانی کۆمەڵگە و دامەزراوەکانی حکومەتدا، لە چوارچێوەی داکۆکیکردنمان لە مافەکانی مرۆڤ بە گشتی و مافەکانی ئافرەتان بە تایبەتی، بە ئاراستەی بنبڕکردنی تووندوتیژی و چەسپاندنی بنەماکانی یەکسانیی و لێبوردەیی لە ناو خێزان و کۆمەڵگەدا.
شکۆدار بێت هەشتی مارس ، ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان.
هیوای سەرکەوتن بۆ خەباتی ئافرەتانی کوردستان دەخوازم .
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان