ڕۆژی جیهانی ژنانە و بەو بۆنەیەوە لەهەرێم دەیان چالاکی ئەنجام دەدرێن

لڤین: ئەمڕۆ 8ی مارس، ڕۆژی جیهانی ژنانە و بەو بۆنەیەوە لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان دەیان چالاکی تایبەت بەو ڕۆژە ئەنجام دەدرێن، لەم بابەتە کاتی چالاکییەکان و کورتەیەک لە مێژووی 8ی مارس بخوێنەرەوە.

کورتەیەک لە مێژووی 8ی مارس و چۆنیەتی دیاریکردنی ڕۆژەکە:

8ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان، هاوکاتە لەگەڵ مێژووی ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی ژنان بەرامبەر نادادی و بێ مافیان لە کایە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا لەسەرتاسەری جیهاندا، هەڵبژاردنی 8ی مارس وەک ڕۆژی ژنان لە جیهاندا، دەگەڕێتەوە بۆ ناڕەزایی و ڕوبەڕوبونەوەی ژنانی کرێکاری ڕستن و چنین لە ساڵی 1857 لە شاری نیۆیۆرکی ئەمریکا.

کاری زۆر و سەخت لەگەڵ کرێی کەمی کرێکارانی ژن لە کۆتاییەکانی سەدەی هەژدەیەم و سەرەتای سەدەی بیست، وای لە ژنان کرد کە ناڕەزایی دەرببڕن لەبەرامبەر بەدەستهێنانی مافەکانیان.

لەم ڕۆژەدا کرێکارانی ڕستن و چنین لە کارگەیەکی گەورەی پۆشاکدا بەرامبەر سەختی کارەکەیان و کەمی مووچەکەیان و خراپی باری داراییان ناڕەزاییان دەربڕی، ئەم ناڕەزاییە بەشێکی زۆری ژنانی ئەم کارگەیەی گرتەوە و بەردەوامی هەبوو.

لە 8ی مارسی 1908 دا دوای تێپەڕینی زیاتر لە 50 ساڵ ژنانی کرێکاری کارگەی رستن و چنینی کەتان لە شاری نیۆیۆرک لەگەڵ یادکردنەوەی ئەم ڕۆژە، بەهۆی پەستانی زۆری کار لەسەریان و مووچەیەکی کەم دەستیان بە دەربڕینی ناڕەزایی کرد، خاوەنی ئەم کارگەیە بە هاوکاری پاسەوانەکانی کارگەکە و بۆ ڕێگری لە ناڕەزایەتی بەشەکانی تری کارگەکە، ئەم ژنانەی لە شوێنی کارەکانیان زیندانی کرد، بە هۆکارێکی نادیار ئاگر لە کارگەکەدا کەوتەوە و تەنها هەندێک کرێکاری ژنی دیلکراو توانیان خۆیان ڕزگار بکەن، لەم کاتەدا 129 کرێکاری ژن لەم ئاگردا سووتان.

ڕۆژی 8ی مارس بەمشێوەیە وەک ڕۆژێک بۆ نارەزایەتی ژنان بەرامبەر نادادییەکان لە یادەوەری خەڵکیدا مایەوە، لە ساڵانی دواتردا و لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا ناڕەزایەتی ژنان وەک خۆپیشاندان و دروستکردنی فشار لەبەرامبەر مافەکانی ژناندا بەردەوام بوو.

یەکێک لە دیارترین داکۆکیکەرانی مافەکانی ژنان لە وڵاتی ئەڵمانیا کلارا زێتکین (1857-1933) بوو، خواستەکانی ناڕەزایەتی ژنانی لە ئەڵمانیادا لەسەر بنەمای 8 کاتژمێر کارکردن بۆ ژنان لەڕۆژێکدا، مافی پشوو، مافی مۆڵەتی لەدایکبوونی منداڵ، یەکسانی مافی ژنان لەگەڵ پیاواندا لەیاسادا خستە ڕوو.

لە ئەوروپا دووەمین کۆنفرانسی سۆسیالیستی نێودەوڵەتی ژنان کە 100 ژن بەشدارییان تێدا کردبوو لە 17 وڵاتی جیهاندا، بە پێشنیاری کلارا زێتکین لە 27ی ئابی 1910 لە کۆپنهاگن رۆژی 7ی مانگی مارس وەک ڕۆژی ژنان دەستنیشان کرا.

لە ساڵی (1977)دا نەتەوە یەكگرتوەكان بڕیاری دا ڕۆژی (8) ی مارس وەك ڕۆژی جیهانی ژنان بناسێنێت.

ساڵآنە ژنانی هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوەکان چەندین چالاکی وەک جەژنی مافەکانی ژن لەم ڕۆژەدا سازدەکەن، ئەمەی خوارەوەش بەشێک لەو چالاکیانەن کە ئەمڕۆ بەبۆنەی 8ی مارسەوە لە شارو شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدەدرێن.

 

چالاکییەکانی سلێمانی بەمشێوەیەیە:

کەمپەینی یەکڕیزی ژنان دژی توندوتیژی و داگیرکاریی ئەمڕۆ لە سلێمانی لە شەقامی سالمی سلێمانی هەتا بەردەم باخی گشتی ڕێپێوانێک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنانەوە ڕێکدەخات، کاتژمێر 3ی پاشنیوەڕۆ، هەر ڕێکخراوی نوێگەر بۆ گەشەپێدانی هونەری ئەمڕۆ لە هۆڵی تەواری سلێمانی بەبۆنەی هەشتی مارسەوە شانۆییەک نمایش دەکات، کاتژمیر 5ی ئێوارە، هەروەها یەکێتی نابینایانی کوردستان لە سلێمانی مەراسیمێک سازدەکات، بۆڕێزگرتن و بەخشینی دیاریی بە ژمارەیەک خانمی نابینا، لە هۆڵی یەکێتی نابینایان، کاتژمێر 2ی پاشنیوەڕۆ.

هەر لە شاری سلێمانی، پێشانگای‌ به‌رهه‌می‌ ده‌ستی‌ كچان و ژنانی‌ داڵده‌دراو ده‌كرێته‌وه‌، ماڵی‌ داڵده‌دانی‌ هه‌ڕه‌شه‌لێكراوی‌ سلێمانی‌ به‌ هاوكاری‌ ڕێكخراوی‌ ( un women)، پێشانگایه‌تی‌ تایبه‌ت به‌ نمایشكردنی‌ به‌رهه‌می‌ هونه‌ری‌ و كاری‌ ده‌ستی‌ ژنان‌و كچانی‌ داڵده‌دراو له‌ ماڵی‌ داڵده‌دانی‌ ژنانی‌ هه‌ڕه‌شه‌لێكراوی‌ سلێمانی‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، شوێن: هۆڵی‌ ئازاد شه‌وقی‌، کاتژمێر 10ی بەیانی.

هەروەها لە قەزای چەمچەماڵ، مەڵبەندی ڕێکخستنی یەکێتی لە چەمچەماڵ، بەهاوکاری بەشی رۆشنبیری و هونەری چەمچەماڵ، لەساڵیادی راپەڕینی چەمچەماڵ و رۆژی جیهانی ژنان دا، بە پێشکەشکردنی چەند پارچە میوزیکێکی خانمان و نمایشکردنی چەند کورتە فیلمێک، مەراسیمێکی تایبەت رێکدەخات. کاتژمێر 10:30 خولەکی ئەمڕۆ لە هۆڵی رۆشنبیری چەمچەماڵ.

هەروەها لە بناری قەندیل بە ئاهەنگێک ٨ی مارس پیرۆز دەکرێت، کاتژمێر 10ی بەیانی.

چالاکییەکانی شاری هەڵەبجە:

بە بۆنەی یادی 8 ی مارسەوە ڕۆژی جیهانی ژنان، کۆلێجی یاساوکارگێڕی زانکۆی هەڵەبجە، پێشانگایەکی شێوەکاری بۆ خاتوو (چرۆ سەڵاحەدین) دەکاتەوە کاتژمێر ٩ی سەرلەبەیانی لە سەرۆکایەتی زانکۆی هەڵەبجە، هەر لە شاری هەڵەبجە بەدرووشمی (ژنان لەڕێبەرایەتیدا بەدیهێنانی دواڕۆژێکی یەکسان لەجیهانی covid 19)، ڕێکخراوی نوێ بۆ پاراستنی ژینگەو مافەکانی ژنان چالاکییەک سازدەکات لە بەردەم سەرۆکایەتی زانکۆی هەڵەبجە،   کاتژمێر: 9ی بەیانی.

چالاکییەکانی شاری هەولێر:

به بۆنەی 8ی مارس بەشی فەلسەفەی كۆلێژی ئاداب هەڵدەستێت بە كردنەوەی پێشانگایەک بۆ شێوەکار (هاوژین محمد) لە ناو كۆلێژی ئاداب،کاتژمێر 10:30.

چالاکییەکانی شاری شاری کۆیە:

لە هۆڵی سەرۆکایەتی زانکۆی کۆیە، بە ناونیشانی پێگەی ژن لە یاسا و شەرعیەت و ڕۆڵیان لە کۆمەڵگای کوردیدا، وۆرکشۆپێک لە لایەن سەرۆکایەتی زانکۆی کۆیە بە هاوبەشسی لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای خانمان و یەکێتی ژنانی کوردستان سازدەکرێت، کاتژمێر 9:30، بەیانی.

چالاکییەکانی شاری کەلار:

لیژنەی کەلاری کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان ـ شیوعی، بەیاننامەی هەشتی مارس و شیرینی بەسەر ئەو ژنانەدا دابەش دەکەن کە کاردەکەن .کاتژمێر 9ی بەیانی، جگە لەوە رێکخراوی pdo لەكافی میللەت پانێلێکیان هەیە تایبەت بە هەشتی مارس بە هاوبەشی  بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژ بە ژنانی گەرمیان کاتژمیر 10ی بەیان.

چالاکییەکانی شاری کەرکوک:

گرووپی شەقام بە هاوکاری ڕێکخراوەکانی مافی ئافرەتان، لەکەرکوک گردبونەوەیەکی ناڕازی دژی زیادبوونی حاڵەتەکانی تووند و تیژی خێزانی و بەلاڕێدابردنی کەیسی هاوڵاتی (ژ..ع)، ئەو ئافرەتە کوردەی ساڵی ڕابردوو لەشارەدێی پردێ دەستدرێژی سێکسی کرایە سەر، کەرکوک-باخچەی قەڵا، کاتژمێر 11 سازدەکرێت.

جگە لەم چالاکیانە بەپێی زانیارییەکانی لڤین چەندین چالاکی دیکەش بەبۆنەی 8ی مارسەوە لە شار و شارۆچکەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان ئەنجامدەدرێن.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button