بافڵ تاڵەبانی: خەباتی بێوچانی خەڵكی بەئەمەكی سلێمانی لەیاد ناكەین

لڤین: هاوسەرۆكی یەكێتیی، ڕایدەگەیەنێت سلێمانی، شاری هەمیشە پێشەنگ و ڕچەشكێنە و خەباتی بێوچانی خەڵكی بەئەمەكی سلێمانی لەیاد ناكەین و بەرامبەر قارەمانێتی و قوربانییەكانیان وەفادار دەبین.
بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە پەیامێکدا کە بە بۆنەی یادی 30 ساڵی ڕاپەڕینی شاری سلێمانی بڵاویکردوە دەڵێت: سلێمانی شارێكە كە هەمیشە تینووی ئازادی و پڕ لە قەڵەم و دەنگی بوێربووە، پیرۆزباییەكی گەرم لە خەڵكی خۆشەویستی ئەم شارە پڕ لە وزە و داهێنانە دەكەین.
دەقی پەیامەکە:
لەیادی ئازادبوونی شاری هەڵمەت و قوربانی، شاری هەمیشە پێشەنگ و ڕچەشكێن، شاری وەفادار و بەئەمەك، شارێك كە هەمیشە تینووی ئازادی و پڕ لە قەڵەم و دەنگی بوێربووە، پیرۆزباییەكی گەرم لە خەڵكی خۆشەویستی ئەم شارە پڕ لە وزە و داهێنانە دەكەین.
مێژووی زێڕین و پڕ لە سەروەری سلێمانی دەیسەلمێنێت كە هەمیشە شارەكە سەرمەشقی قارەمانێتی و كوردایەتی و نیشتمانپەری بووە. مێژووی سلێمانی لێوڕێژە لە داهێنان و نوێگەری، لە خەڵكی ڕچەشكێن و ئازا و ئازاد.
ئێمە خەباتی بێوچانی خەڵكی بەئەمەكی سلێمانی لەیاد ناكەین و بەرامبەر قارەمانێتی و قوربانییەكانیان وەفادار دەبین. خزمەتكردنیان بە ئەركی خۆمان دەزانین و باشتركردنی گوزەرانیان بە كاری لەپێشینەمان دادەنێین.
ئەمڕۆ بۆ ئێمە ڕۆژی وەفادارییە بەرامبەر خوێنی هەزاران شەهیدی ڕێگای ئازادی، ڕۆژی دووپاتكردنەوەی پەیمانی لەمێژینەمانە بەرامبەر ئەو خەڵكە دڵسۆزەی لەهیچ بارودۆخێكدا پشتیان لە یەكێتییەكەی مام نەكرد. ئێوەبوون لە ڕابردوودا سەرتۆپی شۆڕش و فیداكاری بوون، ئێمە دەبین لە داهاتوودا بە خزمەتكردن و خۆشگوزەرانی وەڵامی ماندووبوونتان دەدەینەوە.
یادی راپەڕینە مەزنەكەی سلێمانی پیرۆزبێت و رۆحی شەهیدانی كوردستان ئارام بێت.
بافڵ تاڵەبانی
هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان