ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی و ئێران رێککەوتن

لڤین:

سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، رافایێل ماریانۆ گرۆسسی بە ئاماژەدان بەوەی کە ئێستا کامێرا، سیستەمی پێوانەیی ئۆنلاین و ئامرازەکانی چاودێریی کە بۆ چاودێرییکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران بەکار دەهێندرێن، کار ناکەن رایگەیاند: “گەیشتووینەتە رێککەوتن بۆ وەگەڕخستنەوەی ئەم سیستەمانە”.

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە راگەیەندراوێکدا تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە رافایێل ماریانۆ گرۆسسی لە سەردانەکەیدا بۆ تاران لەگەڵ سەرکۆماری ئێران، ئیبراهیم رەئیسی؛ وەزیری دەرەوەی ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان و سەرۆکی دامەزراوەی وزەی ئەتۆمی ئێران، موحەمەد ئیسلامی کۆبووەتەوە.

رافایێل ماریانۆ گرۆسسی لەگەڵ لایەنی ئێرانیدا گەیشتووەتە رێککەوتن لەبارەی سێ خاڵ کە ئەوانیش خۆیان دەبیننەوە لە؛ هەماهەنگیی نزیک لەنێوان ئاژانسەکە و ئێران لەبارەی چالاکییە ئەتۆمییەکان، چارەسەرکردنی کێشەکانی بەردەم چاودێرییکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکان و وەگەڕخستنەوەی سیستەمەکانی چاودێریی چالاکییە ئەتۆمییەکان.

رافایێل ماریانۆ گرۆسسی دوای ئەنجامدانی سەردانەکەی بۆ ئێران و کۆبوونەوە لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە لە فڕۆکەخانەی ڤیەننا شیوخات بە میدیاکارانی راگەیاند: “ئێستا کامێرا، سیستەمی پێوانەیی ئۆنلاین و ئامرازەکانی چاودێریی کە بۆ چاودێرییکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران بەکار دەهێندرێن، کار ناکەن. گەیشتووینەتە رێککەوتن بۆ وەگەڕخستنەوەی ئەم سیستەمانە”.

سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، رافایێل ماریانۆ گرۆسسی لەبارەی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێرانیشەوە گوتی: “ئێستا لە ئێران بەرهەمهێنان یان یەدەگێک نابیندرێت کە بە رێژەی لە سەدا ٨٣،٧ یۆرانیۆمی پیتاندبێت. ئەمەیش زۆر گرنگە و پێویستە خەڵک بە هەڵەدا نەبردرێت”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button