پاپا ئەمڕۆ لە هەولێر چی دەکات و سەردانی عەینکاوە دەکات؟

لڤین: پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان دوای گەیشتنی بە شاری هەولێر و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم، دەستی بە جێبەجێ کردنی بەرنامەکانی کرد و بەرەو موسڵ بەڕێکەوت.
لە سێیەم رۆژی سەردانەکەیدا بۆ عێراق، پاپا فرانسیس بەیانی ئەمڕۆ گەیشتە شاری هەولێر و سەرەتا لە فڕۆکەخانەی شارەکە لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و چەند کەسایەتییەکی ئایی جیاواز پێشوازی لێکرا.
بەگوێرەی بەرنامەی کاری سەردانەکە، دوای کۆبوونەوەکانی لە هەرێمی کوردستان، پاپا فرانسیس بەرە و شاری موسڵ بەڕێکەوت و دەچێتە ناوچەی هەبوت و لە کەنیسەی موسڵ نوێژ بۆ قوربانیانی شەڕی داعش دەکات، دواتر سەردانی شارۆچکەی قەرەقوش دەکات و لە کڵێسای تاهیرە ئەلکوبرا بەشداری لە رێوڕەسمێکی ئاینی دەکات و وتارێک پێشکەشدەکات.
بڕیاریشە نیوەڕۆی ئەمڕۆ پاپا فرانسیس بگەڕێتەوە هەولێر و کاتژمێر 4:00 لە یاریگەی شەهید فرەنسۆ هەریری لە هەولێر بە بەشداریی 10 هەزار کەس گەورەترین رێوڕەسمی نزای ئێوارەی یەکشەممە بەڕێوەببات بە بەشداریی زیاتر لە 200 ئاژانسی هەواڵیی جیهانیی.
هەر ئەمڕۆ پاپا دەگەڕێتەوە شاری هەولێر و دوای گەڕانەوەی سەردانی عەینکاوەی زۆرینەی دانیشتوان مەسیحی دەکات و نانی نیوەڕۆ لەوێ دەخوات، دواتر بە مەبەستی چاوپێکەوتنی کریستیانەکان بە شەقامە سەرەکییەکانیدا گەشتێک ئەنجامدەدات.
ئەوە یەکەم سەردانی پاپایە بۆ هەرێمی کوردستان و وەک سەردانێکی مێژوویی دەبیندرێت.