وتەبێژی حکومەتی هەرێم:
حكومەتی هەرێم سەرجەم داتاكانی نەوتی و نانەوتی و موچەخۆرانی داوەتە بەغداد

لڤین: وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، هەموو ژمارە و داتاكانی تایبەت بە داهات و خەرجیی نەوتی و نانەوتی و تۆماری بایۆمەتری موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان پێشكەش بە بەغداد كراوە.
جوتیار عادل راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت: پەسەندكردنی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021، لە دوایین قۆناغەكانییەتی، دوای گفتوگۆیەكی زۆر لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان، حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندبوونی خۆی بە گشت پابەندییەكانی دووپات دەكاتەوە.
وتەبێژی حكومەت ئەوەشی راگەیاندووە “حكومەتی هەرێم بە نووسراوی ژمارە (7-تایبەت) لە 1-2-2021، لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی ئاگاداركردووەتەوە لە هەموو وردەكارییەكانی پەیوەست بە پرۆسە و داهات وخەرجییەكانی نەوتی (پشتبەست بە ڕاپۆرتی ووردبینی و پێداچوونەوەی كۆمپانیای دیلۆیتی نێودەوڵەتیی) سەرەڕای ناردنی ژمارەكانی پەیوەست بە سەرچاوەكانی داهاتی نانەوتی و دەروازە سنوریەكان و بڕی داھاتەكانیان پشتبەست بە بەیانی دارایی ساڵانەی وەزارەتی دارایی وئابووری ھەرێم”.
ئەوەشی رونكردووەتەوە “ئەمە سەرەڕای ناردنی خشتەی ژمارە و زانیاری تایبەت بە مووچەخۆرانی ھەرێمی كوردستان، پشتبەست بە پڕۆگرامی تۆماری بایۆمەتری”.
وتەبێژی حكومەت ئاماژەی بەوە كردووە كە حكومەتی هەرێم، هەمیشە جەخت لەسەر پابەندبوون بە پڕەنسیپی شەفافیەت دەكاتەوە لەبارەی ئاشكراكردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی خۆی، بۆ ڕای گشتی و حكومەتی فیدڕاڵ، تا ئێستاش بە نووسراوی فەرمی وەڵامی وردی هەموو پرسیارەكانی ھەردوو وەزارەتی دارایی و نەوتی عێراق و ھەروەھا لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانیشی داوەتەوە.