پەرلەمانی كوردستان کۆدەبێتەوە

لڤین: بڕیارە دووسبەی پەرلەمانی كوردستان کۆببێتەوە و خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازەیاسایەک بکات.
لەو بارەیەوە ڕێواز فایەق، سەرۆكی پەڕلەمانی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا بانگهێشتی پەرلەمانتارانیکرد بۆکۆبوونەوەکە.
لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “پشت بەستن بەحوكمی بڕگەی (سێیەم) لەماددەی (18)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەڕلەمانی كوردستان-عێراق، بڕیارماندا بانگهێشتی گشت ئەندامە بەڕێزەكانی پەڕلەمان بكەین بۆ دانیشتنی ژمارە (2)ی ئاسایی خولی بەهارەی ساڵی سێیەم لەخولی هەڵبژاردنی پێنجەمی پەڕلەمانی كوردستان-عێراق”.
هەربە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکی پەرلەمان كۆبوونەوەكە لە كاتژمێر (11)ی پێشنیوەڕۆی ڕۆژی دوو شەممە ڕێكەوتی 2021/3/8، دەبێت.
دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی کوردستانیش، بەرنامەی كاری كۆبوونەوەكەی ئاشكراكرد و ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، بگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، بەرنامەی كاری دانیشتنی ژمارە (2)ی ئاسایی خولی بەهارەی ساڵی سێیەم لەخولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەڕلەمان، بەم شێوەیە دەبێت:
یەكەم: خستنەڕووی ڕاوبۆچوونی پەڕلەمانتاران سەبارەت بەڕاپەڕینە مەزنەكەی گەلەكەمان لەساڵی 1991 (بۆ ماوەی چل دەقیقە).
دووەم: خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازەیاسای (پاراستنی بەرهەمە خۆماڵییەكان لەهەرێمی كوردستان-عێراق)، بەپێی حوكمی ماددەكانی (87، 88، 89) لەپەیڕەوی ناوخۆی پەڕلەمانی كوردستان.