رۆژی هەشتی شوباتی 1963 لە عێراق چی ڕوویدا؟

لڤین:

كاوان ئەحمدحمەصاڵح هەڵەبجەی
دەوروبەری كاتژمێر 8 ی بەیانی رۆژی هەینی 8 ی شوباتی 1963، بەرامبەر 14ی رەمەزان، بە لەبەرچاو گرتنی ئەو رۆژە دەوامی فەرمی نەبوو، عەبدولكەریم قاسم لە پشوودا بوو، رێگاكان چۆڵبوون و هاتووچۆیان كەم لەسەر بوو، عەبدوسەلام عارف و بەعسییەكان دەستیان دایە كودەتا دژ بە رژێمی قاسم.كاتژمێر هەشتی تەواو، عەبدول سەلام عارف گەیشتە كەتیبەی دەبابات لە ئەبو غرێب و پەیوەندی بە عەقید ئەحمەد حەسەن بەكر كرد، بەهەردووكیان سەرپەرشتی خالید مەكی هاشمیان كردو داوایان لێكرد بەرەو بەغدا برۆن.
كاتێك گەیشتنە بارەگای رادیۆ، ئەفسەرەكانی بارەگاكەش هاوكاریان بوون بۆ كودەتاكە و دەستیان بەسەر كەلوپەلی رادیۆكەدا گرت. هەرچەندە لە ئیزگەوە سەعات (9:40) خولەك یەكەم بەیاننامەی ئەنجومەنی نیشتیمانی شۆڕش كودەتاچییەكان خوێندرایەوە و رایانگەیاند كە كۆتایی بە رژێمی قاسم هاتووە و ناوبراو لەبارەگای وەزارەتی بەرگری دەستگیركراوە، بەڵام لەم كاتەدا زەعیم قاسم لە پشوودا بوو، كاتێكیش لەماڵ هاتەدەرەوە بۆ ئەوەی بەرەو وەزارەتی بەرگری بروا، بەهەزاران خەڵك رژانە شەقامەكان و بەهوتاف كێشان قاسمیان گەیاندە بارەگای وەزارەتی بەرگری، خەڵكەكە هاوریان دەكرد هیچ كەس سەرۆكیان نییە، زەعیم نەبێت. وداوای چەكیان لە قاسم كرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوە.بەڵام تا ئەو ساتەوەختەش رەتیكردەوە چەك بە لایەنگرانی بدات. ئەو رۆژەی پلانی كودەتاكە دانرا و جێبەجێكرا،كە تێیدا بەعسیەكان و قەومیە توندڕەوە عێراقیەكان كودەتایەكی‌ رەشیان بەسەر قاسمدا كرد، ئەو رۆژە و رۆژانی‌ دواتر دەستەیەك بەناوی‌ حەرەس قەومی‌ دروست بوو،بە ناو كوچە و كۆڵانەكانی‌ بەغدایا بڵاو بونەوە و  كەوتنە كوشت و بڕی‌ خەڵكی‌ سڤیل و شیوعیەكان و ئەو كەسانەی كە خۆیان بەلایەنگری قاسم و دەسەڵاتەكەی دەزانی، حكومەت لە ئاكامی زۆری ستەم و دەستدرێژی ئەوان بۆ سەر شیوعی و ئۆپۆزسیۆن و خەڵكی مەدەنی ناچار بوو بە یاسایەك رێكیان بخات ، ئەو یاسایە بە یاسای ژمارە 35 ی ساڵی 1963 ناسراوە، یاساكە لە 18 – 5- 1963 دەرچوە و بریتیە لە 14 مادە ، لەو یاسایەدا سنور بۆ كاری حەرەس قەومیەكان دانرا ، بەڵام وەك هێزێكی خۆبەخشی نیشتمانی ناسێنرا .لە مادەی دووی ئەو یاسایەدا هاتوە ” حەرەس قەومی هێزێكی میللی رێكخراوی مەشق پێكراوە لە سەر بەكارهێنانی چەك، گەل خۆی دروستی كردوە تا ژیانێكی سەربەست و ئازادانە بژی ، ئەركەكانی :
یەكەم : پاراستنی سەرهەڵدانی عەرەبی لە ئێراق و نەخشەكێشانی رێگای شۆڕشێكی پێشكەوتوخواز .
دوەم : هاوكاری هێزی سەربازی لە كاتی شەڕو پەلاماری دەرەكی
سێیەم : بەشداری لە پاراستنی ئاسایشی ناوخۆ .
چوارەم : بەشداری لە كردەكانی بنیاتنانەوەو بنیادنانی ئابوری و كۆمەڵایەتی .
پێنجەم : هەستان بەو كارانەی بۆی دیاری دەكرێ‌ لە شوێنی دیكەوە یان سەرپشكی دەكەن لە مادەی سێیەمدا هەر بە خۆبەخشی ئێراقی ناوەستێ‌ كە لەو هێزە وەردەگیرێن، خاڵی جیم دەڵێ‌ خۆبەخشی وڵاتانی عەرەبیش دەتوانن كاری تیابكەن بە مەرجی رازی بوونی سەرۆكایەتی ئەركانی سوپا . ” دەقی یاساكە لە بەڵگەنامەكاندا هەیە بە زمانی عەرەبی و كوردی “بەڵام ئەم حەرەس قەومیانە نەك نەبونە هۆی ئاشتی و ئارامی بگرە هەموو وڵاتیان بەكوردستانیشەوە ،پڕ كرد لە كێشەو ململانێ‌ و ستەمكاری .ئەوانەی لە یاداشت و بیرەوەریەكانیاندا باسی حەرەس قەومیەكان دەكەن بە تایبەت ئەو كارانەی لە بەغدا كردویانە ، مرۆڤ توشی شۆك و سەرسوڕمان دەكات ،
بۆ نمونە حامد حەمدانی لە یاداشتەكانی خۆیدا وەك ئاماژەیەك بۆ دڕندەی بەعس و قەومیەكان باس لەوە دەكات پێشتر عەبدولكەریم قاسم لە عەبدولسەلام عارف خۆش بوو لە داری نەدا بەڵام ئەوان لە 9ی شوباتی 1963 یەكەمین كاریان سوكایەتی كردن بو بەلاشەی عەبدولكەریم قاسم
رۆژی 9 ی شوبات یەك رۆژ دوای كودەتای بەعسیەكان چی ڕوویدا؟
لەهەشتی مانگ تاوەكونۆی مانگ شەڕبەردەوام بوو،لەنێوان كودەتاچیەكان و قاسم و لایەنگرانی ئەمە بەردەوام بوو تاوەكو كاتژمێربوو بە دوانزەونیوی نیوەڕۆ بەلام لەكاتەدا پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەنێوان عبدولكەریم قاسم و عەبدولسەلام عارف دا دروست دەبێت كە بەم شێوەیە قسە دەكەن
قاسم: عەبدول سەلام ئێوە سەركەوتن، دەوری من كۆتایی هات، سوێند بەشەرفم، دەمەوێت لەبەرخاتری نەرژانی خوێنی زیاتر بچمە دەرەوەی عێراق.
عەبدول سەلام وەڵامی دایەوە: بەخودا ئەی كەریم ئەمە لە دەسەڵاتی مندا نییە، بەڵكو لە دەستی برایانی سەركردایەتی شۆرشە، ئەوان بریار دەدەن، نەك تاكە كەسێك.
عەبدولكەریم وتی: بیرت دەخەمەوە ژیانت دەپارێزین، وە من هەرچی لەدەستم بێت دەیكەم بۆ بەرزبوونەوەی تۆ بە ئاراستەی خزمەتی وڵات.
عەبدول سەلام: ئەمە لەدەرەوەی ئەم پرس و بابەتەیە، خۆمان رادەست بكەم و دادگایت دەكەین.
قاسم : مەرجەكانتان چین؟
عەبدول سەلام: لە هۆڵی گەل وەرە دەرەوە و چەكەكەت رادەست بكە، هێماكانی سەركردایەتی سەر كڵاو و جلوبەرگەكانت دابگرە.
كاتژمێر 12:30 دوا نیوەرۆ قاسم و ئەو ئەفسەرانەی لەگەڵیدا بوون خۆیان رادەستكرد، عەبدوكەریم و تەها شێخ یان سواری تانكێك كرد، قاسم جانبی و فازڵ مەهداویی و كەنعان خەلیل حەداد بە زرێپۆش لەدوایانەوە رۆیشتن بەروە باڵەخانەی رادیۆ.
داوا سەیرەكەی سەلام لە قاسم چی بوو؟
لەناو رادیۆ گفتوگۆیەكی تر دروست دەبێت و عەبدول سەلام داوایایەكی سەیر لەقاسم دەكات
دوای گەیشتنی قاسم و ئەفسەرەكانی هاورێی بۆ بارەگای رادیۆ، لەنێوان قاسم و عەبدوسەلام عارف و ئەحمەد حەسەن بەكرو عەبدول غەنی راویی و عەلی ساڵح سەعدی ئەم گفتوگۆیە روویدا:عەبدول سەلام عارف، داوای لە قاسم كرد كە دەبێت بە قورئان سوێند بخوات، كە عەبدوسەلام عارف سەركردەی راستەقینەی شۆرشی 14ی تەموزی 1958 بووە، بەڵام قاسم رەتی كردەوە بەهەموو شێوەیەك ئامادەی تێدانەبوە شتی وا بڵێ‌ لەبەرئەوە تومەتی ناپاكی گەورەی نیشتمانیان دایە پاڵ و تومەتباریان كرد كە حوكمی تاكە كەسی پیادە كردووە . قاسم لێرەدا داوای دادگایەكی دادپەروەرانەی كرد.
چۆنیەتی بڕیاردان لەسەر سزادانی عەبدولكەریم قاسم و هاوڕێكانی چۆن بوو؟
لیوا روكن عەبدولغەنی راوی. فەرماندەی سزادراوی لەسەربازگەی حەبانیە بەفرمانی عەبدولكەریم قاسم لەبیرەوەریەكانی دادەڵێت :-كاتژمێریەك و نیوی دوانیوەڕۆی 9 شوباتی 1963، عەبدولكەریم قاسم دوای رۆژێك لەبەرگری، لە وەزارەتی بەرگری بەناچاری خۆیدا بەدەستەوە.. منیش بەسورای زرێپۆشێك خۆی و هەریەك لە فازڵ مەهداوی سەرۆكی دادگای میللەت و عەقید روكن تەها شێخ ئەحمەد بەرپرسی حەرەكاتی وەزارەتی بەرگری و مولازم كەنعان حەدادی پاسەوانی شەخسی عەبدولكەریمم بە دیلی برد بۆ بارەگای رادیۆ و تەلەفیزیۆنی عێراق..
لەوێ بردمنە ژووری ستۆدیۆی دەنگ و لەسەر كورسی دامنان..لە ژوورەكەدا پیانۆیەك هەبوو، خۆم و هاورێكانم بەچەكەوە چوینە لای پیانۆوەكە.. تاوەكو پاش 10 خولەك، جەماعەت هاتن “عەبدولسەلام عارف و ئەحمەد حەسەن بەكر و عەلی ساڵح سەعدی و ساڵح مەهدی عەماش و حەردان تكریتی ،هاتن لەوێدا منیان دیاری كرد بە سەرۆكی دادگای سەربازی بۆ دادگایكردنیان.. منیش قبوڵمكرد.
عەبدولكەریم ووتی مەمكوژن، بمنێرن بۆ بەڕازیل یان ئەرجەنتین، بەڵام من بۆچوونی جەماعەتم وەرگرت هەموو بەدەنگی بەرز وتیان گولەبارانی بكەن، تەنها عەبدولسەلام نەبێت كەداوای كرد پەلە نەكەین.. بەڵام كەزانیم هەموو سەركردایەتی بەعس رازی نەبوون و داوای گولەبارانیان كرد، بە عەبدولكەریمم ووت دوا داوات چیە، ووتی پەرداخێك ئاو.. ئاوەكەم دایە و منیش بەیاننامەی حوكمدانیانم وەك دادوەری سەربازی خوێندوە و دەستبەجێ خۆی و سێ هاوڕێكەیمان گولەباران كرد.
لەم ساتەدا ئاگری فیشەكی عەبدول غەنیم راوی و مونعم حەمید عەلی، لە جەستەی قاسم و ئەفسەرەكانی هاورێ درا كە لەسەر كورسی دایانیشاندبوون. هەریەك لە فازڵ عەباس مەهداویی و ملازم كەنعان حەداد عەلی، بەربوونەوە سەر زەوی، بەڵام عەبدولكەریم قاسم و تەها شێخ ئەحمەد بە كورسییەكانیانەوە نووسان.
دوای چەند خولەكێك عەبدولغەنی راوی بانگی وێنەگرێكی سینەمایی دەكات و پێی دەڵێت وێنەی تەرمەكانیان بگرە و لە تەلەفیزیۆن بڵاویبكەنەوە.بەم جۆرە حوكمی عەبدولكەریم قاسم دوای چوار ساڵ و شەش مانگ و پازدە رۆژ كۆتایی هات،و رۆژانێكی زۆر سەخت و قورس لەسەردەستی بەعسیەكان كودەتاچییەكان دروست بوو،ئیتر رۆژانی دواتر حەرەس قەومی بە ناو كوچەو كۆڵانەكانی بەغدایا بڵاو بوونەوەو كەوتنە كوشت و بڕی خەڵكی سڤیل و شیوعیەكان و تەنانەت ناوچەكانی كوردستانیشی گرتەوە حەرەس قەومیەكان لە سنوری كەركوك بە شێوەیەك پەلاماری كوردیان داوە، كە ئیدی مرۆڤ لە بەردەمیدا واقی وڕ دەمێنێ‌ ، ئەوان سەدان چیرۆكی ستەمكارانە و نا ئاكاریانەیان لە ڕوی مرۆڤایەتیەوە پیادەكردوە ، لە كوشتن و تاڵان و ناپاكی و خیانەت.
سود وەرگیراوە لەم سەرچاوانە:
1- 1963 لەتیف فاتیح فەرەج : حەرەس قەومی و كورد، ئاوڕێكی كورت لەو رۆژگارە بەشی یەكەم.
2- ئەحمەد رەجەب: لە 8 ی شوباتی 1963 وە شاڵاوی كوشتن و رەشبگیری دەستیپێكرد.
3- مستەفا ساڵح كەریم‌: زنجیرە وتارێكی بێ‌ كۆتایی
4- هۆشەنگ كەریم :شەمەندەفەری مەرگ و هۆلۆكۆستی بەعس
5–پەیجی‌ توانا عوسمان لە فەیسبوك
6- سایتی ویكپیدیای عەرەبی.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button