ئەمرۆ حکومەتی هەرێم لەسەر چەند پرسێک کۆدەبێتەوە

لڤین:
ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانى هەرێمى کوردستان کۆبونەوەى ئاسایی هەفتانەى خۆى ئەنجامدەداتو لەسەر چەند پرسێک گفتوگۆ دەکات.
فەرمانگەى میدیاو زانیاریی ئەنجومەنى وەزیران لە ڕاگەیەندراوێکیدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدەداتو گفتوگۆ لەسەر چەند تەوەرێک دەکات.
هەروەها بڕگەی یەکەمی کۆبونەوەکە تایبەت دەبێت بەڕاپۆڕتێک سەبارەت بەڕودانی دوایین بومەلەرزە لەهەرێمی کوردستانو ڕێوشوێنو ڕێکارەکانی خۆپارێزیو یارمەتیدانی هەردوو وڵاتی (سوریاو تورکیا).
هەروەک بڕگەی دوەمی کۆبونەوەکەش بەگوێرەى ڕاگەیەندراوەکەی فەرمانگەى میدیا و زانیاریى، تایبەت دەبێت بەتاووتوێو پەسندکردنی ڕەشنوسی پڕۆژەیاسای بەرکارکردنی یاسای بەرەنگاربونەوەی شوشتنەوەی مایەو مایەدارکردنی تیرۆری فیدراڵی لەهەرێمی کوردستانو پەیڕەوی دەستەی متمانەبەخشین بەدامەزراوەکانو پڕۆگرامەکانی پەروەردەو خوێندنی باڵا.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی فەرمانگەى میدیا هاتووە:”ڕای حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بەڕەشنوسی یاسای دادگای باڵای ئیتیحادی لەبڕگەی سێیەمو کۆتایی کۆبونەوەکەدا دەخرێتەڕوو”.