باندێکی پێنج کەسی لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیرکران

لڤین: باندێکی پێنج کەسی دەستگیرکران کە مامەڵەیان بە دراوی ساختەوە کردووە و لە بازاڕدا ساغیانکردوەتەوە و ماددەی هۆشبەریان بەکارهێناوە و بازرگانییان پێوەکردووە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، کەمێک پێش ئێستا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە سنوری پارێزگای سلێمانی، ھێزەکانی بنکەی پۆلیسی وارماوای سەر بە بەشی پۆلیسی شارەزوور، باندێکی پێنج کەسیان دەستگیرکردووە کە مامەڵەیان بەدراوی ساختەوە کردووەو لەھەمانکاتدا چەند کەسێکیان فرۆشیارو بەکارھێنەری ماددەی ھۆشبەر بوون.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: “دوای کۆکردنەوەی زانیاری وورد لەسەر پێنج کەس کە لەشێوەی باندێکدا کاری مامەڵە و ساغکردنەوەی دراوی ساختەیان دەکرد (لەجۆری ٢٥ ھەزار دیناری) لەناحیەی عەربەت و ناو شاری سلێمانی، ھاوکات بەشێک لەو کەسانە فرۆشیار و بەکارھێنەری ماددەی ھۆشبەر بوون، پاش وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەر، تونرا ھەر پێنج کەسەکە دەستگیر بکرێن و ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی بکرێنەوە”.
لەکاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکاندا دەستگیراوە بەسەر بڕێک دراوی ساختە و بڕێک ماددەی ھۆشبەر لەجۆری شیشە و دەمانچەیەکی بێ مۆڵەت.
لەئێستادا ھەریەک لەتۆمەتباران: (ئ، س، ر)، (د، ھ، أ)، (أ، ع، أ)، (ر، ن، أ) و (ن، ع، أ)، بەپێی ماددەکانی (٢٨٩ – ٢٩٨) و ١٤ی ماددە ھۆشبەرەکان ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.