سێ ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایش دانپێدانانی سزادراوانی بادینان رەتدەكەنەوە

لڤین: لە كۆی پێنج ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان سێ ئەندام رەتیدەكەنەوە ئاگاداری دانپێدانانی چالاكوان و رۆژنامەنوسەكانی بادینان بن و دەڵێن سۆشیالمیدیای حزبێكی دیاریكراو بڵاوی كردووەتەوە.
لە روونكردنەوەیەكدا كە سێ ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بڵاویانكردووەتەوە رایدەگەیەنن “بە هیچ جۆرێك ئاگاداری ئەو راپۆرت و دانپێدانانە نین كە بەناوی ئەنجومەنی ئاسایش بڵاو كراونەتەوە”.
دەقی روونكردنەوەكە:
روونكردنەوەیەك لە سێ ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان
ئێوارەی ئەمڕۆ سۆشیاڵ میدیای كەناڵی حزبێكی دیاریكراو، لە ژێر ناوی دامەزراوەی (ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان)، راپۆرتێكی ڤیدیۆیی بڵاوكردۆەتەوە. لەو راپۆرتەدا، دانپێدانانی چەند كەسێك پەخش كراوە و تۆمەتی سیخوڕی كردنیان دراوەتە پاڵ. ئەمە لە كاتێكدا كە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، سەر بە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانە، كەناڵی بڵاوكردنەوەی فەرمیی هەیە و پێكهاتووە لە پێنج ئەندام، بەڵام ئێمە سێ ئەندامی ئەنجومەنەكە بە هیچ جۆرێك ئاگاداری ئەو راپۆرت و دانپێدانانە نین كە بەناوی ئەنجومەنی ئاسایش بڵاو كراونەتەوە.
هەر بڵاوكراوەیەكیش بە بێ ئاگاداریی ئێمە و بێ پشتڕاستكردنەوەی زانیارییەكانی لەلایەن ئێمەوە بڵاو بكرێتەوە، سیفەتی فەرمیبوون وەرناگرێت و نوێنەرایەتی بڵاوكراوەكانی ئەنجومەنی ئاسایش ناكات. بۆیە ئێمەی ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش هەر جۆرە بەیاننامەیەك رەتدەكەینەوە ئەگەر بە ئاگاداریی ئێمە نەبێت و پێشتر لە راستی و دروستییەكەی دڵنیا نەبین، دووپاتی دەكەینەوە ئەو بەیاننامەیەی ئەمڕۆش، تەعبیر لە رای فەرمیی ئەنجومەنی ئاسایش ناكات.
سهرۆكی دهزگای ئاسایشی ههرێمی كوردستان
بهڕێوهبهری ئاژانسی پاراستن و زانیاری – زانیاری
بهڕێوهبهری ههواڵگریی پێشمهرگه