ئەمساڵ زیاتر لە دوو ملیۆن گەشتیار سەردانی دھۆکیان کردووە

لڤین:

بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری دھۆک ئاشکرای کرد، ئەمساڵ ڕێژەی ھاتنی گەشتیاران بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیادی کردووە و زیاتر لە دوو ملیۆن و ٣٤٠ ھەزار گەشتیار سەردانی دھۆکیان کردووە. دەشڵێت، پلانیان بۆ ساڵی داھاتوو دیاری کراوە.

د. خەیری عەلی ئوسۆ، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری دهۆک، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: “تا کۆتاییی مانگی ١١ی ئەمساڵ دوو ملیۆن و ٣٤٠ ھەزار گەشتیار سەردانی پارێزگای دھۆکیان کردووە و ھەر ئەمساڵ ٨١ شوێنی گەشتیاری لە دھۆک کراونەتەوە و ٩٠٠ شوێنی گەشتیاری و ٢٥٠ شوێنی سروشتی لە سنووری پارێزگای دھۆک ھەن، بە بۆنەی ھاتنی ساڵی نوێوە فێستیڤاڵێک لە پارکی نەورۆز لە سەنتەری شاری دھۆک بەڕێوە دەچێت و بە ھەماھەنگیی لایەنە پەیوەندارەکان ئامادەکاری کراوە و، پێشبینی دەکەین بۆ جەژنی سەری ساڵ ٢٥ ھەزار گەشتیار بێنە دھۆک.”

بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری دھۆک وتیشی: “پلانی گەشتیاری بۆ ساڵی داھاتووش دیاری کراوە و بڕیارە ژمارەیەک پڕۆژەی گەشتیاری بکەونە واری جێبەجێکردنەوە، لەوانەش قۆناغی دووەمی پڕۆژەی چیای زاوا و چەندان پڕۆژەی دیکە، بڕیارە لە مانگی ئەیلوولی ساڵی داھاتوو کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی گەشتوگوزار لە دھۆک بەڕێوە بچێت.”

د. خەیری عەلی ئوسۆ ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: “بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ھاتنی گەشتیاران بۆ دھۆک زۆر زیادی کردووە، چونکە ساڵی ڕابردوو تەنیا یەک ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار گەشتیار ھاتبوونە دھۆک، بەڵام ئەمساڵ دوو ملیۆنی تێ پەڕاندووە بە ھاوکاریی پارێزگار و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کەرتی گەشتیاری ڕۆژ بە ڕۆژ  بەرەو پێشەوە دەچێت.”

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button