وەزیری بەرگری ئیسڕائیل: ڕەنگە دوو یاخود سێ ساڵی تر هێرش بکەینە سەر شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران

لڤین:

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز. وەزیری بەرگری ئیسڕائیل بێنی گانتز ڕایگەیاندوە ئیسڕائیل ڕەنگە لە دوو یاخود سێ ساڵی داهاتوودا هێرش بکاتە سەر شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران.

هاوکاتی چەق بەستوویی گفتوگۆ نێودەوڵەتییەکان بۆ دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 ی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان، ئێرانییەکان پیتاندنی یۆرانیۆمییان زیاتر کردووە. پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ مەبەستی مەدەنی بەکاردێت بەڵام لە هەمان کاتیشدا دەتوانرێت ببێتە سووتەمەنی بۆمبی ئەتۆمی، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی ئێران ڕەتی دەکاتەوە بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی بێت.

شارەزایان دەڵێن ئەگەرێکی زۆری هەیە ئێران لە ماوەیەکی کورتدا بێگەردی پارچەی یۆرانیۆمەکەی بەرز بکاتەوە بۆ ئاستی سەربازی. بەڵام دروستکردنی کڵاوەیەکی ئەتۆمی چەندین ساڵی دەوێت.

وەزیری بەرگری ئیسڕائیل بێنی گانتز لە وتارێکدا بە کۆمەڵێک دەرچووانی هێزی ئاسمانی وڵاتەکەی وت ” ڕەنگە دوو بۆ سێ ساڵی دیکە ئێوە ئاسمانەکان بەرەو ڕۆژهەڵات تێپەڕێنن بۆ بەشداریکردن لە هێرشێکدا بۆ سەر شوێنە ئەتۆمییەکان لە ئێران.”

زیاتر لە 10 ساڵە ئیسڕائیل هەڕەشەی هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکات ئەگەر هەوڵە دیبلۆماسییەکانی زلهێزەکانی جیهان لەگەڵ ئێراندا شکست بهێنن. بەڵام هەندێک لە شارەزایان گومانییان هەیە لەوەی ئیسڕائیل ئەو توانا سەربازییەی هەبێت کە زیانێکی هەمیشەیی بگەیەنێت بە ئامانجە ئێرانییەکان کە دوورن و بڵاون و بە باشی پارێزراون.

ڕۆژنامەی هایۆمی ئیسڕائیل ڕۆژی یەکشەممە بڵاویکردەوە ” بەپێی پێشبینییەکانی هەواڵگری ئیسڕائیل بۆ 2023، ئێران بەردەوام دەبێت لە ئاڕاستەکەی ئێستای کە بە خاوی بەرەوپێشەوە دەڕوات ” لە بەرنامە ئەتۆمییەکەیدا.

ڕۆژنامەکە لە ڕاپۆرتەکەدا دەڵێت ” ئێران تەنها لە کاتێکدا سیاسەتەکانی دەگۆڕێت کاتێک کە سزایەکی زۆر قورسی بەسەردا بسەپێندرێت، ئەو کاتە ڕەنگە بڕیار بدات لەسەر خێراکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ئاستێکی سەربازیی.” وتەبێژێکی سەربازیی ئیسڕائیل ڕاپۆرتەکەی پشتڕاست کردەوە کە لە هەڵسەنگاندنەکانی هەواڵگرییەوە سەرچاوەی گرتووە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button