سەرکردەیەکی یەکێتی: شەڕی گەورە دروست دەبێت

لڤین: سەرکردەیەکی یەکێتی هۆشداریی دەدات لە دروستبوونی شەڕێکی گەورە ئەگەر تورکیا بەرەو شەنگال هێز بجوڵێنێت، دەشڵێت: هێزە عێراقییەکان لەوکارە دەستەوەستان نابن.
فەرید ئەسەسەرد، بەرپرسی سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە، دۆخی عێراق لەوپەڕی خراپیدایە، هۆکارەکەشی بۆ هاوکارنەبوونی هێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان گەڕاندوەتەوە.
ئەوەشی خستوەتەڕوو “هێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکان بەشێک لە کێشەی نێوانیان بۆ عێراق گواستووەتەوە، هەریەکەیان و هەوڵی سڕینەوەی لاکەی تر دەدات”.
جەختیشیکردوەتەوە “گەر لایەنەکان کێشەی نێوانیان چارەسەر بکەن، بۆ عێراقیش باش دەبێت، بەتایبەت ئێران و ئەمەریکا، گەر ڕێکبکەون، هاوکاریش دەبن بۆ چارەسەری کێشەکانی عێراق”.
لەبەشێکی تری قسەکانیدا فەرید ئەسەسەرد، ڕایگەیاندووە کە ئەگەر تورکیا بەرەو شەنگال بجوڵێت، شەڕی گەورە دروست دەبێت و لەو بارەیەوە وتویەتی: “ئێمە ئاگاداربووین، ئۆپەراسیۆنەکەی گارە ئامانجەکانی بەدی نەهێنا، نازانین سەرکردایەتی تورکیا چۆن بیردەکاتەوە، ئایا دەیەوێ بە ئۆپەراسیۆنێکی تازە لە شەنگال، قەرەبووی شکستەکەی گارە بکاتەوە یاخود نا”.
وتوشیەتی: “پێموایە پێکدادان دروست دەبێت، گەر لەوە زیاتر هێزەکانی تورکیا بێنە خوارەوە، چونکە حکومەتی عێراق و هێزە شیعیەکان ناتوانن بێدەنگ بن”.
ئەسەسەرد جەختیشیکردەوەتەوە کە ئەگەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەستوەردان نەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق، یاخود گەر زلهێزەکان هاوکار نەبن و دەستوەردان نەکەن، عێراق ناتوانێت کێشەکانی خۆی چارەسەر بکات.