لە بەریتانیا گەنجێکی کورد دوای دەستدرێژی سێکسی ژنێک پارچە پارچە دەکات

لڤین؛ لە یەکێک لە شارەکانی بەریتانیا، گەنجێکی کورد دوای ئەوەی دەستدرێژی سێکسی دەکاتە سەر ژنێک دواتر ژنەکە پارچە پارچە دەکات و دەیکوژێت و پارچەکانی لە دارستانێکدا فڕێ دەدات.
میدیاکانی وڵاتی بەریتانیا، بڵاویانکردەوە لە شاری ئێکستەری بەریتانیا گەنجێکی کورد دوای ئەوەی دەستدرێژیی سێکسی کردووەتە سەر ژنێکی تەمەن 32 ساڵ بە ناوی (لۆرین کۆکس)،کوشتوویەتی. پۆلیسی بەریتانیا لە بارەی ڕووداوەکەوە رایگەیاندووە، ماوەی هەفتەیەک بووە ئەو ژنە دیارنەمابوو، کاتێک لە رۆژی 1ی ئەم مانگە پارچەکانی دۆزراوەتەوە و دەرکەوتووە کە ماوەی هەفتەیەکە کوژراوە.
لەسەر دۆسیەکە دوێنێ 03-03-2021 دادگای کراون لە شاری ئێکستەر دانیشتنێکی دادگایی لەبارەی کوشتنی ژنەکە ئەنجامداوە و لێکۆڵینەوەکانیش لە ڕووداوەکە بەردەوامن.
سایمۆن لاوس، پارێزەری دۆسیەکە رایگەیاندووە، “ئەو کچ و کوڕە پێشتر هەرگیز یەکترییان نەبینیوە، ئەو کاتەیشی یەکەمجار یەکترییان بینیوە، کچەکە خواردنەوەی کحولی خواردۆتەوە و سەرخۆش بووە، دواتر کوڕەکە ئەمەی بە دەرفەت زانیوە و لە کۆڵانێکی شارەکەدا دەستدرێژیی سێکسی کردووەتە سەر ژنەکە و پاشان ژنەکەی بردۆتە ژوورەکەی کە لەنێو شوقەیەکدا بووە کوشتوویەتی و جەستەی ژنەکەی کردووەتە 7 پارچەوە”.
ئەو پارێزەرە دەشڵێت، “کامێرا نهێنییەکان ئەوە پیشاندەدەن کە ئەو کوڕە و ژنەکە پێکەوە بوون و بەڵگەکانیش ئەوە دەردەخەن کە کوشتوویەتی و پارچە پارچەی کردووە لە ژوورەکەیدا”.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە میدیاکانی بەریتانیا بڵاوکراوەتەوە، گەنجەکە خەڵکی باشوری کوردستانە و ناوی (ئا) یە، لە مانگی 7 ی ساڵی 2020 چووەتە شارەکە.
لە کاتی لێکۆڵینەوە لە گەنجەکە، دادگاکە رایگەیاندووە، “کورەکە لە ئینتەرنێت سەیری ڤیدیۆی کردووە و بۆ ئەوە گەڕاوە کە چۆن جەستەی کەسێک پارچە پارچە دەکرێت”.
کچەکە پێشتر لەو شارەی لێی کوژراوە نیشتەجێبووە، بەڵام مانگی 2ی ساڵی 2020 شارەکەی جێهێشتووە، بەڵام لەوکاتەدا کە رووداوەکەی تێیدا روویداوە بۆ گەشتێکی کورت گەڕاوەتەوە شارەکە.
لە ئێستادا دادگایکردنەکە لەبارەی کوشتنی ئەو ژنە بەریتانیەوە بەردەوامە.