کۆمیتەی ئازادی ئۆجەلان: هیچ هەواڵێک لەبارەی ژیان و تەندرووستی ئۆجەلان نیە

لڤین:

کۆمیته‌ی ئازادی ئۆجه‌لان ڕایده‌گه‌یه‌نێت دەوڵەتی داگیرکاری تورکیا لە هێرش و پەلامارەکانی بۆ سەر گەلی کورد و هێرشە دڕندانەکانی بە چەکی قەدەغەکراو و کیمیاوی بۆ سەر گەریلاکانی ئازادیی و بۆردومانی بەردەوامی بۆ رۆژئاوای کوردستاندا شکستی مەزنی خواردووە و بێ ئەنجام ماوە، لە دۆخێکی وەهادا بۆ مانەوەی خۆی دۆخێکی نائاسایی لە زیندانی ئیمڕاڵی درووست کردووە و ئەمەش بە هاوکاریی و بێدەنگیی (CPT) و کۆنسەی ئەوروپا و ناتۆ بەڕێوە دەبات. بۆیە پێویستە گەلەکەمان و تەواوی ئازادیخوازانی دونیا و دامودەزگا نێودەوڵەتییەکان لەم دۆخە نائاساییەدا ئاگادار بن و هەڵوێستی پێویست وەربگرن.

راگەیەندراوی کۆمیتەی ئازادی ئۆجەلانە سەبارەت بە بارودۆخی مەترسیداری زیندانی ئیمرالی

بۆ رای گشتی
بیرمەند و رێبەری ئازادیی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان، کە لەمیانەی پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتی قێزەوندا بەدیلگیرا، ٢٤ ساڵە لەدژوارترین دۆخدا لە زیندانی ئیمڕاڵی دایە. بچووکترین مافی زیندانییەکی پێ رەوا نابینرێت. گۆشەگیرییەکی توند، رێگەنەدان بە سەردانیکردنی خانەوادە و پارێزەرەکان و دونیای دەرەوەی زیندان، رێگەنەدان بە نووسین و خوێندنەوە و لێسەندنەوەی پێنووس و دەفتەر و پەرتووک و رادیۆ، سزادانی بەردەوام بەناوی سزای دیسلپینی و دەیان پێشێلکاریی دیکە دژ بە بەڕێز ئۆجەلان و زیندانیانی دیکەی ئیمڕاڵی پەیڕەو دەکرێت.

لەکاتێکدا زیاتر لە ٢١ مانگە هیچ هەواڵێک لەبارەی ژیان و تەندرووستی بەڕێز ئۆجەلان و زیندانیانی دیکەی ئیمڕاڵی نییە و نازانرێت چی لە ئیمڕاڵی گوزەراوە و دەگوزەرێت، لە دۆخێکی وەهادا؛ کۆمیتەی دژبەئەشکەنجەی کۆنسەی ئەوڕوپا(CPT) لەم ماوەیەدا دووجار چۆتە ئیمڕاڵی، بەڵام بەگوێرەی زانیاریی “پارێزەرانی دۆزی سەدە” هەردوو جاریش چاوپێکەوتن لەگەڵ رێبەر ئۆجەلان و زیندانیانی دیکە ئەنجام نەدراوە. بەڵام نازانرێ بۆ ئەنجام نەدراوە. (CPT)یش هیچ لێدوانێک لەم بارەیەوە نادات و راستییەکان ئاشکرا ناکات و راپۆرتی خۆی لەم بارەیەوە بڵاوناکاتەوە. ئەمەش دۆخێکی نائاسایی و مەترسیداری جددییە.

بێگومان سیستەمی زیندانی ئیمڕاڵی هەر تەنیا زیندانێک نییە، بەڵکو سیستەمێکی تاوان و ئەشکەنجەی نێودەوڵەتییە، ئەم سیستەمەی ئیمڕاڵی ٢٤ ساڵە بۆتە ئەڵقەیەک لەسیستەمی نکۆڵی و قڕکردن و تواندنەوە و چەوسانەوەی گەلی کورد و دەخوازن بەسەر تەواوی گەلی کورددا بیسەپێنن، لەهەمانکاتدا بۆتە درێژکراوەی پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییەکەی ١٥ی شوباتی ١٩٩٩. بۆیە لێرەدا حکومەت و دەوڵەتی تورکیا و (CPT)و ناتۆ و هەموو دەزگاکانی یەکێتی ئەوروپا بەرپرس دەبینین لە ژیان و تەندرووستی رێبەر ئۆجەلان و زیندانیانی دیکە.

لەکاتێکدا (CPT) ئەرکی یاسایی و ئەخلاقی خۆی جێبەجێ ناکات و دژ بە هەموو جۆرە ئەشکەنجەکانی سیستەمی ئیمڕاڵی هەڵوێست وەرناگرێت و پەیڕەوی رێسای “مافی هیوا” ناکات کە دەبێت دەستبەجێ بەڕێز ئۆجەلان لە زیندان ئازاد بکرێت، کەچی بۆتە بەشیک لە سیاسەتی دژەکورد و دژە ئازادییانەی دەوڵەتی تورکیا و ناتۆ و گوێ بە هیچ پێوەرێکی یاسایی و مافەکانی مرۆڤ و ئەرکە ئەخلاقییەکانی نادات، بەهیچ شێوەیەک هەستیارێتی گەلی کورد لەبەرچاو ناگرن و گوێ بەوە نادەن کە ژیان و تەندرووستی رێبەر ئاپۆ بۆ گەلی کورد و بزووتنەوە ئازادیخوازەکەی هۆکاری شەڕ و ئاشتیی، ژیان و ئازادیی و کۆی بەهاکانیەتی. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە (CPT) بۆتە بەشێک لەجێبەجێکردنی ئەڵقەیەکی تری پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتی دژ بە رێبەر ئۆجەلان و گەلی کورد و بزووتنەوە ئازادیخوازییەکەی.

بۆیە ئێمە وەک کۆمیتەی ئازادیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە باشووری کوردستان، لەبارەی ئەم دۆخە نائاسایی و مەترسیدارەدا ئەوە دەخەینەڕوو کە دەوڵەتی داگیرکاری تورکیا لە هێرش و پەلامارەکانی بۆ سەر گەلی کورد و هێرشە دڕندانەکانی بە چەکی قەدەغەکراو و کیمیاوی بۆ سەر گەریلاکانی ئازادیی و بۆردومانی بەردەوامی بۆ رۆژئاوای کوردستاندا شکستی مەزنی خواردووە و بێ ئەنجام ماوە، لە دۆخێکی وەهادا بۆ مانەوەی خۆی دۆخێکی نائاسایی لە زیندانی ئیمڕاڵی درووست کردووە و ئەمەش بە هاوکاریی و بێدەنگیی (CPT) و کۆنسەی ئەوروپا و ناتۆ بەڕێوە دەبات. بۆیە پێویستە گەلەکەمان و تەواوی ئازادیخوازانی دونیا و دامودەزگا نێودەوڵەتییەکان لەم دۆخە نائاساییەدا ئاگادار بن و هەڵوێستی پێویست وەربگرن، لەم دۆخەدا هەڵوێستی جددیانەی گەلەکەمان دەتوانێت رۆڵێکی گرنگ و یەکلاییکەرەوە ببینێت لە تێپەڕاندنی ئەم دۆخە نائاساییەدا. بۆیە بانگەوازی لەهەموو چین و توێژەکانی گەلەکەمان، پارت و لایەنە سیاسییەکان، رێکخراوە مەدەنییەکان، رۆشنبیران، پارێزەران، چالاکوانان دەکەین کە لە هەر چوار لای کوردستان و دەرەوەی وڵات، بە چالاکی جۆراوجۆر و بەکاریگەر، لە شەقامەکان و گۆڕەپانەکاندا، لەبەردەم نووسینگەکانی (CPT) و کۆنسەی ئەوڕوپا و پەرلەمانی ئەوروپا و ناتۆ و دامودەزگا نێودەوڵەتییەکان، بە رۆحی سەفەربەریی و بەیەکگرتوویی هەڵوێستی وڵاتپارێزیی و ئازادیخوازیی خۆیان دەرببڕن.

کۆمیتەی ئازادیی ئۆجەلان – باشووری کوردستان

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button