رووسیا پەیوەست بە جەنگی ئۆکرایناوە پلانێکی ئەمریکا ئاشكرا دەکات

لڤین:

گوتەبێژی وەزارەی دەرەوەی رووسیا، ماریا زاخارۆڤا رایگەیاند ئەمریکا پلانی وایە تاکو کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ ئاگری پێکدادانەکانی ئۆکراینا گەشبکاتەوە و گوتی: “ئەمریکا ئۆکراینای کۆنتڕۆڵ کردووە و رووبەڕووبوونەوەی ئۆکراینا لەگەڵ رووسیا وەکو ئامرازێک دەبینێت بۆ هێنانەدی بەرژەوەندییە جیوسیاسییەکانی خۆی و ساختاکاریی دارایی”.

زاخارۆڤا لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە مۆسکۆی پایتەخت هەڵسەنگاندنی بۆ پرسە هەنووکەییەکانی رۆژەڤ ئەنجامدا.

ماریا زاخارۆڤا بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەمریکا خۆی بۆ کودەتایەکی نوێ لە ئۆکراینا ئامادە دەکات و ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە راوێژکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری سیاسی، ڤیکتۆریا نولاند پێشتر سەردانی ئۆکراینای کردووە.

زاخارۆڤا گوتی: “لە کاتێکدا ناکۆکییەکانی بازنەی ئیدارەی ئۆکراینا لەسەر دابەشکردنی هاوکارییەکانی خۆرئاوا توندتر بووە، دەرکەوتنی نولاند لە ئۆکراینا بە رێککەوت نەبووە. ئەگەری هەیە پلان بۆ کودەتا یان گۆڕینی کەسایەتییەکان هەبێت”.

گوتەبێژی وەزارەی دەرەوەی رووسیا جەختی لەوە کردەوە کە ئیدارەی ئەمریکا هەوڵ دەدات هاوکاریی زیادە بەبڕی ٣٧ ملیار دۆلار بۆ ئۆکراینا بخاتە نێو بوودجەی ٢٠٢٣ و گوتی: ” ئەمریکا پلانی هەیە لانیکەم تاکۆ کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ بەردەوامی بە جەنگی ئۆکراینا بدات. ئەمریکییەکان پلانیان بۆ ئەمە داناوە و لەو بەڵگانە دەیبینین کە لە کەس نەیانشاردووەتەوە”.

زاخارۆڤا گوتیشی: “ئەمریکا ئۆکراینای کۆنتڕۆڵ کردووە و رووبەڕووبوونەوەی ئۆکراینا لەگەڵ رووسیا وەکو ئامرازێک دەبینێت بۆ هێنانەدی بەرژەوەندییە جیوسیاسییەکانی خۆی و ساختاکاریی دارایی”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button