وەزارەتی تەندروستی بڕیاری بەكارهێنان و دابەشكردنی ڤاكسینی كۆرۆنایدا

لڤین: وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە فەرمی بڕیاری دابەشكردن و پێدان و بەكارهێنانی ڤاكسینی كۆرۆنایدا كە لەلایەن سەنتەرەكانی وەرگرتنی پێكوتە لە پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان لە ئەمڕۆ وە دەتواندرێت بەكاربهێنرێت.
ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی راشیگەیاند: وەكو قۆناغی یەكەم بۆ كوتانی پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی هێڵی پێشەوە لە نەخۆشخانەكان و سەنتەرەكانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەپێی ڕێنمایی و پلانی نیشتمانی داڕێژراو دابەشدەكرێت.
ناوبراو ئەوەشی روونكردووەتەوە “ڤاكسینی جۆری سینۆفاڕم (Sinopharm) ی چینی كە بەشێوەی بەخشین لەلایەن كۆماری چین بە بڕی پێنج هەزار ژەم بۆ هەرێمی كوردستان دابینكراوە، دەتوانرێت بەكاربهێنرێت بەپێی نووسراوی وەزارەتی تەندروستی پاڵپشت بە پلانی نیشتمانی و ڕێكارەكانی دەستنیشانكراو”.
ئەو دڵنیاییداوە لە بەردەوامبوون بۆ هەوڵەكانی دابینكردنی بڕی زیاتری ڤاكسین ئەوەش بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی عێراقی فیدڕاڵ، هیواداریشە خەڵكی هەرێم بەردەوامبن لە خۆپارێزی زیاتر.