مەسعود بارزانی لەگەڵ داگیركەرانی عەفرین كۆبویەوە

لڤین: سەرۆكی پارتی لەگەڵ وەفدێكی هاوپەیمانی نیشتیمانی كۆدەبێتەوە كە هاوپەیمانی توركیان و هێزە چەكدارەكانیان لە شەڕی عەفرین و سەرێ كانی و گرێ سپی بەشداریان كرد.
بارەگای بارزانی رایگەیاند لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی پێشوازی لە نەسر حەریری سەرۆكی ئیئتیلافی نیشتیمانیی سووریا و شاندێكی یاوەری كرد و بارودۆخی سیاسیی سوریا و دوا پێشهاتەكان لەسەر ئاستی سوریا و ناوچەكە تاوتوێ كرا.
سەرۆكی هاوپەیمانێتی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی سوریا سوپاسی بارزانی و هەرێمی كوردستانی كرد كە هەردەم هاوسۆزی نەهامەتی و گرفت و كێشەكانی خەڵكی سووریا بوونە.
بە گوێرەی راگەیەندراوی بارەگای بارزانی سەرۆكی پارتی “جەختی لەوە كردەوە كە لەگەڵ ئەوەدایە قەیرانی سوریا بگاتە چارەسەرێكی وەها كە ئارامی و تەبایی نێوان گەلانی سوریا و هەموو پێكهاتەكانی لێ بكەوێتەوە”.
هاوكات دوای كۆبوونەوەكە ئەندامانی شاندی هاوپەیانێتیە سوریەكە رایانگەیاند لە كۆبوونەوەكەدا باسی ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای كوردستان و رۆڵی پەكەكەیان لە ناوچەكەدا كردووە.
هەر لەو بارەیەوە ئەمڕۆ ئاڵدار خەلیل ئەندامی هاوسەرۆكایەتی پەیەدە رایگەیاند ئەو داعشانەی نزیك بوونەوە لە هەولێر لە بەرگی دیپلۆماسیدا لە هەولێر پێشوازیان لێدەكرێت.
ئەو بەرپرسەی پەیەدە رەخنەی توندی لەو كۆبوونەوەیە گرت و راشیگەیاند: ئەوانەی گەلی عەفرین و گرێسپی و سەرێ كانیان جینۆساید و ئاوارە كرد لە هەولێر پێشوازیان لێدەكرێت.