پۆلیسی هه‌ولێر زانیاری لە بارەی گیانله‌ده‌ستدانی هاوڵاتییه‌كی بریتانی ئاشکرا کرد

لڤین:

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی هه‌ولێر رایگه‌یاند، شه‌وی رابردو ماتۆڕسكیلێك له‌ هاوڵاتییه‌كی بریتانی داوه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ ئه‌و هاوڵاتییه‌ گیانی له‌ده‌ستداوه‌، كه‌ به‌پێی وته‌ی هاوڕێكه‌ی “له‌شوێنی په‌ڕینه‌وه‌ نه‌په‌ڕیوه‌ته‌وه‌ و هاوكات خواردنه‌وه‌ی كحولی خواردوه‌ته‌وه‌”.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی هه‌ولێر ئه‌مڕۆ هه‌ینی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، “دوای ئەوەی كاتژمیر 1:30 خولەکی شه‌وی رابردو هێزەکانمان ئاگاداركرانەوه به بونى روداوێكى هاتوچۆ لەسەر شەقامى 100 مه‌تری نزیک هوتێلی (آرجان روتانا)، دەستبەجێ گەیشتنە شوێنى روداو و دەرکەوت كەوا ماتۆڕسكیلێك شوفێرەكەى به ناوى (م. خ. ش) به رەگەز عەرەبی سوریا، كه كارى دیلیڤەرى دەكات، خۆى كێشاوه به هاوڵاتییەكى به رەگەز بریتانى به ناوى (ئاندرو تورلی) تەمەن 59 ساڵ”.

هەروەها ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، ئه‌و هاوڵاتییه‌ بریتانییه‌ له‌ كۆمپانیایەک لە شاری هەولێر كاریكردوه‌ و ویستوویەتی به پیاده لە شەقام بپەڕێتەوە، بەڵام شوێنی پەڕینەوەی پیادە نەبوە، بۆیە لە ئەنجامی ئەو ڕوداوە هاوڵاتییە بەریتانییەکە گیانی لە دەستداوە.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی هه‌ولێردا هاتووە، “بەپێی لێکۆڵینەوەکان هاوڵاتییە بریتانییەکە هاوڕێیەکی لەگەڵ بوە به ناوى (دەیڤید) كه دانی بەوەدا ناوە بەر له روداوەكه خواردنەوەی کحولییان خواردوەتەوە و هاوڕێکەشی لە شوێنی مۆڵەتپێدراو بۆ پەڕینەوەی پیادە نەپەڕیوەتەوە، بۆیە ئەم کارەساتە ڕویداوە”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button