ئێران هێزى زیاتر ڕەوانەى سنوورەکانى هەرێمى کوردستان دەکات

لڤین:

فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسداران، ئەمڕۆ ٢٥ى ١١ى ٢٠٢٢ رایگەیاند: هێزی زرێپۆش و هیزی تایبەتی زەمینیان رەوانەی سنورەكانی هەرێمی كوردستان كردووەو هێزی زیاتریش رەوانە دەكەن، ئەوەش دوای جوڵەی گروپە جوداخوازەكان دێت لە لە باكووری رۆژئاوای وڵات”.

محەمەد پاكپور، فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسدارانی راشیگەیاند: “لەدوای جوڵەی گروپە تیرۆریستی و جوداخوازەكانی نەیاری ئێران لە باكوری رۆژئاوای وڵات (كوردستانی رۆژهەڵات) و دروستكردنی دۆخی پشێوی و نائارامی لە هەندێك ناوچە” هێزی زەمینی سوپا، یەكەكانی خۆی لەسەر سنور لەگەڵ هەرێمی كوردستان زیاتر دەكات.

جەختیشی كردۆتەوە زۆر بەتوندی رووبەڕووی ئەو كەسانە دەبنەوە كە دەبنە مایەی “نائارامی” لەو ناوچانە.

ئاماژەى بەوەشکردووە: “لەئێستادا بەشێك لە یەكەكانی زرێپۆش و هێزە تایبەتەكانی پیادە، بەرەو پارێزگا سنورییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان رەوانە دەكرێن، ئەوەش لە پێناو رێگریكردنە لە هاتنە ناوەوەی تیمەكانی تیرۆریستانی سەربە گروپە جوداخوازەكان كە لە هەرێمی كوردستان عێراق جێگیرن”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button