یونیسێف: لەسەدا ٤٠ی تووشبووانی کۆلێرا لە هایتی منداڵن

لڤین:

رێکخراوی یونیسێف سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، منداڵان لەسەدا ٤٠ی تووشبووانی کۆلێرا لە هایتی پێکدەهێنن.

بەڕێوەبەری نووسینگەی پرۆگرامە فریاگوزاریەکانی رێکخراوی یونیسێف، مانوێل فۆنتێن لە کۆتایی سەردانەکەی بۆ هایتی کە چوار رۆژی خایاند، رایگەیاند: “کۆلێرا و بەدخۆراکی هۆکاری زیادبوونی ژمارەی گیانلەدەستدانی منداڵانن لە هایتی”.

گوتیشی: “لە هەر پێنج تووشبووی کۆلێرا لە هایتی، دوو تووشبوو کە دەکاتە لەسەدا ٤٠ منداڵن”.

بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەر ١٠ تووشبووی کۆلێرا لە هایتی، نۆ حاڵەت لەو ناوچانە تۆماردەکرێن کە منداڵان تیایدا بەدەست بەدخۆراکی توندەوە دەناڵێنن.

ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها گوتی: “لە هایتی لەئێستادا، سێ مەترسی لەسەر ژیانی منداڵان هەیە کە بریتین لە بەدخۆراکی، کۆلێرا و توندوتیژی چەکداریی”.

بەڕێوەبەری نووسینگەی پرۆگرامە فریاگوزاریەکانی یونیسێف، مانوێل فۆنتێن لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: “لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا، سکچوونی توند و رشانەوە منداڵ وشک و لاواز دەکات تا ئەو رادەیەی کە رەنگە پێش پێدانی چارەسەری پزیشکی پێویست گیان لەدەست بدەن”.

فۆنتەین گوتیشی: “کۆلێرا و بەدخۆراکی تێکەڵەیەکی کوشندەن، یەکێکیان دەبێتە هۆکاری تووشبوون بەوەی دیکە”.

لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا لە هایتی لە دووی تشرینی یەکەمەوە، وەزارەتی تەندروستیی هاتیی کە ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی ١١ ملیۆن کەسە، ٢٠ حاڵەتی گیانلەدەستدان و زیاتر لە ١٠ هەزار و ٦٠٠ حاڵەتی تووشبوونی تۆمارکردووە.

قەیران و ئاژاوە لە هایتی لە چەند هەفتەی رابردوودا توندتر بووەتەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی گەمارۆی باندە تاوانکارەکان بووە هۆی کەمیی خۆراک، ئاو و سووتەمەنی لە کاتێکدا وڵاتەکە رووبەڕووی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە (کۆلێرا ) بووەتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button