یونیسێف: ئەمساڵ ٦٥ منداڵ لە عێراق بەھۆی بۆمب و پاشماوەکانی جەنگ بوون قوربانی

لڤین:

سندوقی منداڵان سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNICEF) رایگەیاندووە “ئەمساڵ نزیکەی ٥٨٠ منداڵ لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بەھۆی ململانێ و شەڕ و توندوتیژییەوە کوژراون”.

سەرەڕای چەندین ھەوڵ و رێککەوتن بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی منداڵان، بەڵام ھێشتا لە زۆرێک لە وڵاتان، مافەکانی منداڵ پێشێل دەکرێت و لەخوارتەمەنی یاساییەوە دەخرێنە بەر کار.

رۆژانە لە بازاڕ، ناوچەکانی پیشەسازی، کارگە و دوکانەکاندا، چەندین منداڵ دەبینرێت کە لە خوار تەمەنی ١٨ ساڵییەوەن و خەریکی کارکردنن بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانیان، زۆرێک لەوانەش بەھۆی کارکردنەوە لە خوێندن دابڕاون و بووەتە سەرچاوە بۆ بژێوی خێزانەکانیان.

سندوقی منداڵان سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNICEF) لەبارەی رۆژی چەسپاندنی مافەکانی منداڵان رایگەیاندووە “ئەمساڵ نزیکەی ٥٨٠ منداڵ لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بەھۆی ململانێ و شەڕ و توندوتیژییەوە کوژراون کە دەکاتە تێکڕای ١٠ منداڵ لە ھەر ھەفتەیەکدا کە ئەمە دۆخێکی قبوڵنەکراوە”.

بەپێی راگەیەندراوێکی سندوقی منداڵان سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە ماڵپەڕەکەیان بڵاوکراوەتەوە، منداڵانی ناوچەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا رووبەڕووی زیادبوونی توندوتیژی دەبنەو و تیایدا ھاتووە: “منداڵانی ناوچەکە بەردەوامن لە رووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی توندوتیژی نێو کۆمەڵگەکان و نائارامی سیاسیی، تەقینەوەی بۆمب و پاشماوەکانی جەنگ کە ژمارەیەک وڵاتی گرتووەتەوە، لەوانەش ئێران، عێراق، لیبیا، سوودان، سووریا و یەمەن، ھەروەھا ململانێی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینییەکانیش”.

باسی لەوەشکردووە کە ھەفتەی رابردوو، دوو کچ لە کەمپی ھۆل باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بەشێوەیەکی دڕندانە کوژراون، ھەروەھا ھەرچەندە لە یەمەن ئاگربەستێکی پاڵپشتیکراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بووە ھۆی کەمکردنەوەی بەرچاوی ململانێکە و ژمارەی قوربانییەکان، بەڵام ئاگربەستەکە لە تشرینی یەکەم کۆتایی ھات و منداڵان کەوتنەوە ژێر ھێرش و پەلامارەکان.

سندوقی منداڵان سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNICEF) راشیگەیاندووە کە لە عێراق تەقینەوەی بۆمب و پاشماوەکانی جەنگ و ململانێکانی رابردوو ھەڕەشە و مەترسین بۆسەر منداڵان، بە جۆرێک تەنیا ئەمساڵ ٦٥ منداڵ بەو ھۆیەوە کوژراون یان برینداربوون.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button