سەباح موخلیس: لەناو بەڕێوەبەرە گشتییەكاندا خەڵكی نایاسایی تێدایە

لڤین: بەڕێوەبەری ئامار لە بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینیی هەرێم، ڕایدەگەیەنێت، لە ئێستادا سەرقاڵی پڕکردنەوەی فۆڕمن بۆ پلە تایبەتەکان، بۆ ئەوەی بزانن کێ موچەکەی نایاساییە، دەشڵێت: سەرجەم پلە تایبەتەكان دەبێت فۆڕمەکە پڕبکەنەوە و هەر پلە تایبەتێك پڕینەكاتەوە موچەكەی رادەگیرێت، ئاشکراشیدەکات کە لەناو بەڕێوەبەرە گشتییەكاندا خەڵكی نایاسایی تێدایە.
سەباح موخلیس، بەڕێوەبەری ئامار لە بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینیی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ یەکێک لە میدیاکانی پارتی رایگەیاندووە، پرۆسەی چاكسازی بەردەوامە و ئێستا فۆڕمێكیان پێشكەشی هەموو پلە تایبەتەكان (وەزیر، بریكاری وەزیر، بەڕێوەبەرە گشتییەكان) كردووە، بۆ ئەوەی بزانن كێ یاساییە و كێش نایاساییە، ئەوەی فۆرمەکەش پڕ نەكاتەوە، موچەكەی رادەگیرێت تا ئەوكاتەی پڕی دەكاتەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە کە لەڕێگەی پڕکردنەوەی ئەو فۆرمەوە ئەوەی نایاسایی بێت ئاشكرا دەبێت، ئاشکراشیکردووە کە پڕکردنەوەی فۆرمەکان بەرەو کۆتایی دەچێت و زۆرینەی پلە تایبەتەكان پڕیان كردووەتەوە، تەنها ئەوانەی دەرەوەی وڵات هێشتا پڕیان نەكردووەتەوە.
سەباح موخلیس، ئەوەشیخستووەتەڕوو کە دوای پڕكردنەوە و تەواوبوونی فۆڕمەكە، ئەوكات پێداچوونەوەی بۆ دەكرێت و رێكدەخرێتەوە و پاشان بۆ ئەنجومەنی وەزیران رەوانە دەكرێتو ئەوان بڕیاری لێ دەدەن.
هەروەها وتوویەتی لە چاكسازیكردن لە پلە تایبەتەكان، گەیشتووینەتە بەڕێوەبەرە گشتییەكان، كە (750) كەس دەبن، ئەوانیش 90%ی تەواو بووە و ئەگەر ئەمانە تەواو ببن، ئەوانی دیكە وەكو وەزیرو بریكار ژمارەیان كەمەو زۆر نییە.
سەباح موخلیس، ئاشکراشیکردووە کە “لەناو بەڕێوەبەرە گشتییەكاندا خەڵكی نایاسایی تێدایە، بەڵام تا تەواو نەبین، نازانین ژمارەیان چەندە”.