خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆ دەستپێدەکاتەوە

لڤین:
ئەنجوومەنی ناڕازی زانكۆی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت” هەڕەشەكانی ئەنجوومەنی زانكۆ ساردمان ناكاتەوە و دەست لە نێو دەست بەردەوام دەبین”.
ئەنجوومەنی خوێندكارانی ناڕازی زانکۆی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکەن” سبەینێ یەکشەممە سەرجەم خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكانی كوردستان بە گڕوتینێكی بەهێزترەوە دەڕژێینەوە سەر شەقامەكان بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواكانی خۆمان”.
دەقی ڕاگەیەندراوەكە:
بۆ سەرجەم خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكانی كوردستان.
بابەت: خۆپیشاندان
ڕۆژی یەكشەممە كاتژمێر ٨ی سەر لەبەیانی
سەرجەم خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكانی كوردستان بە گڕوتینێكی بەهێزترەوە دەڕژێینەوە سەر شەقامەكان بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواكانی خۆمان.
داواكاریەكان:
١. بنەبڕكردنی دەستی حیزب لەنێو زانكۆ و پەیمانگاكاندا.
٢. ڕیفۆرمێك لە پڕۆسەی خوێندن و گۆڕینی بنچینەیی مەنهەج كە تەنیا بۆتە ڕۆتینێكی ڕۆژانە.
٣. لابردن و كەمكردنەوەی كرێی پاراڵێڵ.
٤. بە یاسایكردن و زیادكردنی دەرماڵە.
٥. دەستپێكردنەوە بە دامەزراندن و ڕەخساندنی هەلی كار بۆ دەرچووانی ساڵانی پێشوو.
ئێمە دەستی هاوكاری بۆ سەرجەم چین و توێژە جیاوازەكان (مامۆستایان، فەرمانبەران، دەرچووانی دانەمەزراو، كرێكار و كاسبكارانی بە شەرەف) درێژدەكەین كە شانبەشانی خوێندكاران و بە بەیاننامە و داواكاری جیاوازی خۆیانەوە بڕژێنە سەر شەقامەكان دەست لەنێو دەست كۆتایی بەم سیستەمە گەندەڵە بهێنین.
ئەنجومەنی خوێندكارانی ناڕازی