ئیتاڵیا بە پلانێكی نوێ‌ ڕووبەڕووی كۆچی نایاسایی دەبێتەوە

لڤین:

دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران دەڵێت “حكومەتی ئیتاڵیا بەنیازە بیرۆكەی (گەمارۆی دەریایی) بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆچی نایاسایی بخاتە بواری جێبەجی كردنەوە و یەكێكە لە كارە سەرەكییەكانی پلانی حكومەتی نوێی ئەو وڵاتە”.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەزگاکە بڵاوی كردووەتەوە، حكومەتی نوێی ئیتاڵیا لە یەكەم وتاری خۆیدا لە پەرلەمانی وڵاتەكەی، پلانێكی پێنج ساڵەی خستووەتە ڕوو، كە تێیدا بیرۆکەیەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆچی نایاسایی هەیە.

بیرۆکەکە بریتییە لە “سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر كۆچبەراندا، بە مەبەستی ڕاگرتنی كۆچی نایاسایی و بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە”.

بەپێی زانیارییەكانی دەزگای لوتكە، حكومەتی ئیتاڵیا بەنیازە ئەو پێشنیازە “لەسەر ئاستی ئەورووپا بخاتە ڕوو و بە ڕێككەوتن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەورووپا جێبەجێی بكات، واتا گەمارۆكە تەواوی ئەو ڕێگە ئاوییانە دەگرێتەوە كە بەرەو ئەورووپا دەڕۆن”.

وەكوو دەزگای ناوبراو باسی كردووە، ئامانجی سەرەكیی بیرۆکەکە “وەستاندنی بازرگانیكردنە بە مرۆڤ و هاتنی كۆچبەران لە باكووری ئەفریقاوە بۆ باشووری ئەورووپا و تەواوی ئەورووپا”.

دەستپێشخەری بۆ ئەم بیرۆکەیە دەگەڕێتەوە 18ی ئایاری 2015، دوای چەند هەفتەیەك لە خنكانی زیاتر لە 800 كۆچبەر لە یەكێك لە كارەساتبارترین ڕووداوەكانی پەیوەست بە كۆچەوە لە مێژووی ئەم دواییەدا.

دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران كە لەسەر ئاستی جیهان بۆ بەدواداچوونی كێشەكانی كۆچبەر و پەنابەرانی هەرێمی كوردستان و عێراق كار دەكات، دەڵێت “بەدرێژایی ساڵان زۆرێك لە ژن و پیاو و منداڵ لە دەریادا گیانیان لەدەست داوە، بۆیە ئیتاڵیا دەیەوێت ڕێگایەك بگرێتەبەر تا ئەمڕۆ زۆر پەیڕەو نەكراوە، كە بریتییە لە وەستاندنی كۆچی نایاسایی و دواجاریش وەستاندنی بازرگانیكردن بە مرۆڤ لە دەریای ناوەڕاستدا و تەواوی دەریاكان”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button