بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە: لەگەڵ هاوپەیمانان پلانێکمان داناوە بۆ چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە

لڤین:

بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، رایگەیاند، لەگەڵ هاوپەیمانان پلانێکمان داناوە بۆ چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە كە بەپێی پلانەكە دەبێ تا چوار ساڵی داهاتو تەواوی هێزەكانی پێشمەرگە یەكبخرێن.

سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، بە میدیای پارتی راگەیاند”لەگەڵ هاوپەیمانان پلانێکمان داناوە بۆ چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە”.

وتیشی”هێزەکانی 70 و 80 خەریکی خۆڕێکخستنەوەن بۆ ئەوەی بگوازرێنەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە”.

بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، ئاماژەی بەوەشکرد”یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە زیاتر هانی هاوپەیمانان دەدات کە هاوکاری هەرێمی کوردستان بکەن. بەپێی ئەو پلانەی داندراوە تا چوار ساڵی داهاتو دەبێت تەواوی هێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارتی پێشمەرگە یەکبخرێن”.

سەربەست لەزگین، راشیگەیاند: “پەیوەندی زۆرباشمان لەگەڵ تیمەکانی هاوپەیمانان هەیە، هێزەکانی هاوپەیمانان لە روی راوێژ و مەشق و راهێنان بەردەوامن لە هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە، هەروەها رۆڵی سەرەکیان هەیە لە جێبەجێکردنی پرۆسەی چاکسازی لەنێو هێزەکانی پێشمەرگە”.

سەبارەت بە هەوڵەکانی دروستکردنی دو لیوای هاوبەش لەنێوان هێزی پێشمەرگەو سوپای عێراق بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی لە ناوچە جێناكۆكەكان، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە وتی”بەداخەوە ئەم بابەتە زۆر درێژەی کێشا، رەنگە هۆکارەکەشی زیاتر پەیوەندی بە دۆخی عێراقەوە هەبێت، ئێستا کە لایەنەکان سەرقاڵی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتن، هیوادارین لە حکومەتی داهاتوی عێراقدا کاری جددی لەسەر چارەسەرکردنی ئەو دو لیوایە بکات، کارە سەرەکییەکەش تەنها دابینکردنی بودجەو موچەی هێزەکانە، دەستبەکاربونی ئەو دو لیوایە فاکتەرێکی باشە بۆ رێگریکردن لە جموجۆڵەکانی داعش لەو سنورانە.”

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button