ئەو منداڵەی دوای شەهیدبوونی دایکی هاتە دنیاوە، گیانی لەدەستدا

لڤین:

زانیار رەحمانی هاوسەری ئەو ژنە دووگیانەی لە بۆردوومانەکەی دوێنێی ئێراندا شەهیدبوو راگەیاند، دوای مانەوەی لە ژێر چاودێری پزیشکیدا بۆ زیاتر لە ٢٤ کاتژمێر منداڵەکەیان ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا.
لە هێرشەکانی دوێنێی ئێراندا بۆ سەر کۆیە، ژنێکی دووگیان بەهۆی بۆردوومانەکەوە بە ناوی رێحان کەنعانی شەهیدبوو و منداڵەکەی کە بڕیاربوو دوو هەفتەی دیکە لەدایکببێت، دوێنێ بە نەشتەرگەری لەدایکبوو.

بەگوێرەی راپۆرتە پزیشکییەکان، منداڵەکە دەبوو کە دوو هەفتەی دیکە لە دایک بوایە، بەڵام بەهۆی بۆردوومانەکەی دوێنێوە دایکەکە شەهید بووە و منداڵەکەیان لە سکی دەرهێناوە.

رێحان کەنعانی ناوی ئەو ژنەیە کە خەڵکی شاری سنەیە و دووگیان بووە و بەهۆی بۆردوومانی ئێرانەوە دوێنێ برینداربووە و دواتریش بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا، بەڵام منداڵەکەی بە زیندوویی پێش وادەی پێویستی خۆی هاتەدونیاوە.

بەڵام دوای مانەوەی بۆ زیاتر لە ٢٤ کاتژمێر لە نەخۆشخانە لە ژێر چاودێری تەندروستیدا، بەهۆی کارنەکردنی مێشکییەوە گیانی لەدەستدا و لەو ماوەیەشدا تەنها دڵی کاری کردووە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button