سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل: دوو دەوڵەتی باشترین چارەسەرە بۆ کێشەی ئیسرائیل و فەڵەستین

لڤین:

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگه‌یاند، رێککەوتن لەسەر بنەمای دوو دەوڵەت باشترین چارەسەرە بۆ ئاسایش و ئابوری ئیسرائیل بەو مەرجەی فەڵەستینییەکان چەکەکانیان دابنێن.

یایر لاپید، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل له‌ وتارێكدا له‌ كۆبونه‌وه‌ی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتوەکان لە نیویۆرک، رایگه‌یاند، “رێککەوتن لەگەڵ فەڵەستینییەکان لەسەر بنەمای دو دەوڵەت بۆ ھەردو گەل باشترین چارەسەرە بۆ ئاسایش و ئابوری ئیسرائیل و داھاتوی منداڵەکانمان، ئێمە تەنھا یەک مەرجمان ھەیە کە دەوڵەتی داھاتوی فەڵەستین ئاشتیخواز بێت و چەکەکانی دابنێت، دوای ئەوەش ھیچ کۆت و بەندێک نامێنێتەوە”

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، “زۆرینەی زۆری ئیسرائیلییەکان پشتگیریی لە دیدگای چارەسەری دو دەوڵەت دەکەن و منیش یەکێکم لەوانە”.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل له‌ په‌یامێكدا بۆ فەڵەستینییەکان باسی له‌وه‌كرد، “چەکەکانتان دابنێن و بۆ ئێمەی بسەلمێنن کە ھەردو بزوتنەوەی حەماس و جیھادی ئیسلامی کۆنتڕۆڵی ئەو دەوڵەتە فەڵەستینییە ناکەن کە ئێوە دەتانەوێت دایبمەزرێنن، چەکەکانتان دابنێن و ئاشتی دێتە ئاراوە”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button