سەرۆک وەزیری نوێی بەڕیتانیا بەردەوام دەبین لە هاوکاری کردنی ئۆکرانیا

لڤین:

سەرۆک وەزیری نوێی بەڕیتانیا لیز ترەس لە میانەی کۆبوونەوەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بەڵێن دەدات 2.3 ملیار پاوەند یاخود زیاتر لە پشتیوانیکردنی سەربازیی ئۆکرانیادا خەرج بکات، ئەمەش پشتیوانییەکانی بەڕیتانیا بۆ ئۆکرانیا لە سەرەتای داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە دوو هێندە دەکات.

ترەس لە یەکەمین گەشتی نێودەوڵەتیدا وەکو سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا، لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە نیویۆرک داوا لە ڕابەرانی وڵاتانی جیهان دەکات یارمەتیدەر بن لە کۆتایی هێنان بە خنکاندنی وزەی ڕووسیا لەسەر ئەوروپا، وتیشی ڕووسیا بەو کارەی ” یاری ” بە ژیانی زۆرێک کردووە.

سەردانەکەی ترەس بۆ نیویۆرک چەند کاتژمێرێک دوای کۆتایی هاتنی پرسەی شاژنە ئەلیزابێس بوو، هەروەها گەڕانەوەی کاروبارە سیاسییەکانی بەڕیتانیایە کە بەهۆی پرسە و ماتەمینییەوە بۆ شاژنە ئەلیزابێس ڕاگیرابوون.

حکومەتەکەی بەڕیتانیا پێشبینی دەکرێت پشتیوانییەکی نوێی وزە بۆ کۆمپانیاکان دابین بکات، هەروەها پلانێک بۆ یارمەتیدانی خزمەتگوزاری تەندروستی نیشتیمانی دابنێت و باج کەم بکاتەوە کە ترەس بەڵێنیداوە جێبەجێی بکات.

ترەس لە نیویۆرک لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدندا کۆدەبێتەوە، دووبارە جەخت لە پشتیوانی بەڕیتانیا دەکاتەوە بۆ ئۆکرانیا، ترەس دەڵێت پشتیوانییە سەربازییەکانی ڕۆژئاوا بۆ ئۆکرانیا یارمەتی هێزەکانی ئۆکرانیایان داوە لە دوورخستنەوەی هێزەکانی ڕووسیادا.

ترەس لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند ” پەیامی من بۆ خەڵکی ئۆکرانیا ئەمەیە: بەڕیتانیا بەردەوام دەبێت لەوەی لە هەموو هەنگاوەکاندا لە پاڵتاندا بێت. ئاسایشی ئێوە ئاسایشی ئێمەیە.”

گوتیشی ” زۆرێک لە ئۆکرانیا و ئەوروپا و سەرانسەری جیهانیشدا بە پشتبەستنیان بە وزەی ڕووسیاوە یارییان پێکراوە. دەبێت پێکەوە کاربکەین بۆ ئەوەی کۆتایی بەمە بهێنین.”

س/ ڕۆیتەرز

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button