سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان: گرژییەکانی عێراق هەڕەشەن لەسەر سەقامگیری ئەو وڵاتە

لڤین:

سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، ئەو گرژییانەی لەماوەی رابردوودا روویان لە عێراق کرد کاریگەری لەسەر سەقامگیرییەکەی دەبێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنتۆنیۆ گۆتیرێس، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی رێکخراوەکە سەبارەت بە دەستپێکی کارە هەروەزییە گشتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان وتارێکی پێشکەشکرد.

لە وتارەکەیدا سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەدا، جیهان لە کێشەیەکی گەورەدایە، دابەشکارییەکان قوڵتر دەبێتەوە و ئەوەش ئەنجومەنی ئاسایش و یاسا نێودەوڵەتییەکان لاواز دەکات.

ئەوەشی خستەڕوو، لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی قەیرانی تێچووی ژیان و داڕمانی متمانە و بەرزبوونەوەی نایەکسانی، زستانێکی ناڕەزایی جیهانی بەڕێوە دەبێت.

لەبارەی دۆخی عێراقیشەوە، ئەنتۆنیۆ گۆتیرێس، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاشکرای کرد، ئەو گرژییانەی لەماوەی رابردوودا روویان لە عێراق کرد کاریگەری لەسەر سەقامگیرییەکەی دەبێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، کازمی لە کۆبوونەوەی کارە هەروەزییە گشتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا وتاری عێراق پێشکەش دەکات و لەگەڵ ژمارەیەکی سەرۆکی وڵاتان کە بەشدارن لە کۆبوونەوەکەدا کۆدەبێتەوە و دواتریش کۆبوونەوەیەک لەگەڵ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجامدەدات.

ئەمەش دوای ئەوە دێت لە چەند کاتژمێری رابردوودا مستەفا اکزیم سەرۆک وەزیرانی عێراق بە مەبەستی بەشداریکردن لە کردنەوەی کارەکانی کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٧٧ەمین دانیشتنی خۆیدا، گەیشتە باڵەخانەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button