حکومەتی سوریا بەرەو قۆناغی لامەرکەزی ئیداری هەنگاو دەنێت

لڤین:

سەرۆک وەزیرانی سوریا رایگەیاند، حکومەتی وڵاتەکەیان لەدوای هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی شارەوانییەکان، بەرەو قۆناغی لامەرکەزی ئیداری هەنگاو دەنێت، لەو رێگەیەشەوە دەسەڵاتەکان بۆ ناوچەکان و شارەکان شۆڕ دەکرێنەوە.

هەفتەی رابردو بە بەشداری بەشێکی بەرچاو لە هێز و لایەنە سیاسییەکانی سوریا، دیداری راوێژکاری لایەنەکان لە شاری قامشلۆی رۆژئاڤای کوردستان بەڕێوەچو، ئامانجی سەرەکی کۆبونەوەکەش تاوتوێکردنی پرسی لامەرکەزیی بو بۆ داهاتوی حکومڕانی لە سوریادا.

حسێن عەرنوس، سەرۆک وەزیرانی سوریا ئەمڕۆ بەشداریکرد لە دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانییەکان و لەلێدوانێکدا باسی لەوەشکرد، ئیدارەی ناوچەکان دەسەڵاتی جێبەجێکردنی حکومەتی سوریان و پردی راستەوخۆن لەنێوان هاوڵاتیان و دەوڵەت.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەڵبژاردنەکەی ئەمڕۆ قۆناغێکی تازەیە و دوای هەڵبژاردنەکەش ژمارەیەکی زۆری دەسەڵاتە ناوەندییەکان کە لە دیمەشق و ناوەندی پارێزگاکانن، بۆ ئەنجومەنە خۆجێیەکان دەگوازرێنەوە، بەوهۆیەش حکومەت راستەوخۆ هەنگاو دەنێت بۆ جێبەجێکردنی سیستمی لامەرکەزی ئیداری.

ئەوەش لەکاتێکدایە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و پارتەکانی رۆژئاڤای کوردستان لە کۆبونەوەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی دیمەشق و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانیش جەختیان لەسەر سیستمی لامەرکەزیی ئیداری کردوەتەوە، بەتایبەت کە کورد لەو وڵاتەدا ئیدارەیەکی خۆسەری بونیادنانەوە و خواستی ئەوەشی هەیە قەوارەکەی لەدەستوری نوێی سوریادا بەرگێکی دەستوری بەبەردا بکرێت.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button