هۆکاری خەرجنەکردنی پارەى گەنمی جوتیاران ئاشکرا بوو

لڤین:

ئەندامێکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق لە راگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند ” لە دوای گفتوگۆ لەگەڵ وەزیری بازرگانی لەبارەى هۆکارى خەرجنەکردنى شایستەى گەنمی جوتیارانی هەرێم دەرکەوت هۆکارەکە پەیوەستە بە دەقی بڕگە یاساییەکە و دەکرێت لیژنەی دارایی هاوکاربێت بۆ چارەسەرکردنی. 

دەقى راگەیەنراوەکەبەمشێوەیە هاتووە:

ئەمڕۆ سێشەممە بەرواری ٦ی ئەیلول بەڕێز د.نەرمین معروف ،لەگەڵ شاندێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق سەردانی وەزارەتی بازرگانی حکومەتی فیدڕالی کرد بەمەستی بەدواداچوون بۆ هۆکاری خەرجنەکردنی پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵانی ٢٠١٤، ٢٠١٥، ٢٠١٦ ، لە کاتێکدا ئەو پارەیە بە بڕی ٣٠٩ ملیار دینار لە یاسای ئاسایشی خۆراک جێگیر کراوە، و ماوەی ٣ مانگە یاساکە لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر دراوە.

لە دوای گفتوگۆ لەگەڵ بەڕێز وەزیری بازرگانی دەرکەوت هۆکارەکە پەیوەستە بە دەقی بڕگە یاساییەکە و ئەکرێت لیژنەی دارایی هاوکاربێت بۆ چارەسەرکردنی.

بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی بازرگانی لەوەڵامی نووسراوێکی د. نەرمین داوای لە لیژنەی دارایی پەرلەمانکرد پشت بەست بە سەرەتاکانی ئەو بڕگەیەی یاساکە روونکردنەوە بدەن بە وەزارەتی بازرگانی بۆ ئەوەی بتوانن پارەکە خەرجبکەن.

لەکۆتایی سەردانەکە بەرێز د.نەرمین وێرای سوپاسکردنی وەزارەتی بازرگانی،  ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ بەدواداچوونی ئەو رێکارانە بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکە لەرێگەی لیژنەی داراییەوە بەزووترین کات.

نووسینگەی راگەیاندن

د.نەرمین معروف غفور

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button