ئێران بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی داوای گەرەنتی لە ئەمریکا دەکات

لڤین:

وەزیری دەرەوی ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان سەبارەت بە سەرلەنوێ کاراکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران ئاماژەی بەوە کرد کە بەردەوامن لە تاوتوێکردنی ئەو پێشنیازانەی ئەمریکا ناردوویەتی و گوتی: “لەباتی گەرەنتییەکاندا پێویستمان بە دەقێکی بەهێزترە. ئەگەر ئەمریکا راستبینانە هەڵسوکەوت بکات و ئەو دەقەی کە هەیە بەهێزتری بکات، ئەوە رێککەوتن دوور نییە”.

حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە میانی سەردانێکیدا بۆ مۆسکۆ پایتەختی رووسیا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، سێرگی لاڤرۆڤ کۆبوویەوە.

هەردوو وەزیر لە دوای کۆبوونەوەی نێوانیان، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشیان ئەنجامدا.

وەزیری دەرەوی ئێران لە میانی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا ئاماژە بەوە کرد کە پەیامی سەرکردەیەکی ئەورووپای سەبارەت بە دۆخی ئۆکراینا بە لاڤرۆڤ گەیاندووە و گوتی: “پەیامەکە بیرۆکەی سەبارەت بە بەرپاکردنی ئاشتی لە ئۆکراینا و پاڵپشتیکردنی کۆتاییهێنان بە چالاکییە سەربازییەکانی لەخۆگرتووە. لەگەڵ لاڤرۆڤ قسەمان لەسەر ئەمە کرد”.

حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان ئاماژەی بەوە کرد کە لەگەڵ هاوتا رووسییەکەی پرسەکانی هەماهەنگی لە بوارەکانی بازرگانی، ئابووری، گواستنەوە، بەرگریی و ئاسایش لە نێوان هەردوو وڵاتدا تاوتوێ کردووە و جەختی لەوە کردەوە کە توانای فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و رووسیا زۆر زیاترە و ئۆمێدی خواست کە لە ماوەیەکی نزیکدا هەماهەنگیی ستراتیژیی درێژ مەودا لە نێوان ئێران و رووسیادا ئەنجامبدرێت.

وەزیری دەرەوی ئێران ئەوەشی خستەڕوو کە لەگەڵ لاڤرۆڤ باسیان لە پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان کردووە و دەربارەی پرسی سووریا گوتی: “سوورین لەسەر ئەوەی سووریا لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنی ئاستانادا لەم دۆخەی ئێستای رزگار بکەین”.

عەبدوڵڵاهیان دەربارەی پێشهاتەکانی عێراق جەختی لەوە کردەوە کە لەگەڵ رووسیا هاوڕابوونە لەسەر بەردەوامبوون لە پاڵپشتیکردنی عێراق و بەهێزکردنی تواناکان بۆ سەقامگیریی ئەو وڵاتە.

– “ئومێدەوارین بەشێوەیەکی راستبینانە لەگەڵ ئەمریکا بگەینە ریککەوتنێک”

وەزیری دەرەوی ئێران،حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان ئاماژەی بە وەڵامی ئەمریکا سەبارەت بە رەشنووسی رێککەوتنی ئەتۆمی کرد کە بە نەخشەڕێگای کۆتایی دانوستانە ئەتۆمییەکان دادەنرێت و لەلایەن رێکخەری دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئێران، یەکێتی ئەورووپاوە پێشکەش کراوە و گوتی “دوایین دەقمان لە ئەمریکاوە سەبارەت بە هەڵگرتنی سزاکان پێگەیشتووە. هاوپیشەکانم بە وردی لە پێشنیازەکانی ئەمریکا دەکۆڵنەوە. لە بەباتی گەرەنتییەکان (هەڵگرتنی سزاکان و گەرەنتی ئەوەی کە ئەمریکا جارێکی دیکە لە رێککەوتنەکە ناکشێتەوە) پێویستمان بە دەقێکی بەهێزترە. ئەگەر ئەمریکا راستبینانە هەڵسوکەوت بکات و ئەو دەقەی کە هەیە بەهێزتری بکات، ئەوە رێککەوتن دوور نییە”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button