پێکنەهێنانی حکومەت و نەبوونی یاسای بودجە کێشە بۆ مووچەی فەرمانبەران دروست ناکات

لڤین:

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، پێکنەهێنانی حکومەت و نەبوونی یاسای بودجە کێشە بۆ مووچەی فەرمانبەران دروست ناکات.  

جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق (دووشەممە 15-8-2022) بە ئاژانسی فەرمیی عێراقی ڕاگەیاند، “لە ئەگەری پێکنەهێنانی حکومەتی نوێ و نەبوونی بودجە بەپێی یاسای خەرجکردنی 12/1ی بودجەی ساڵی 2021 بەردەوام دەبین و هیچ دەقێک نییە ڕێگری لە جێبەجێکردنی ئەوە بکات.”

جەختیشیکردووەتەوە، ” لە هەموو حاڵەتەکاندا مووچەی فەرمانبەران بەردەوام دەبێت، بودجە هەبێت یان نا، چونکە ئەوە پەیوەست نییە بە پەسەندکردنی بودجە”.

جەمال کۆچەر ئاماژەی بەوەشکردووە، “هێشتا زووە بڵێین، ساڵی داهاتوو یاسای بودجە نابێت، چونکە ئێمە نەچووینەتە ناو مانگی 10 کە پێویستە لەو مانگەدا حکومەت بودجەی ساڵی 2023 بنێرێتە پەرلەمان، هەرچەندە دۆخەكە قورسە، بەڵام رەنگە بەم نزیكانە پێشكەوتنێك رووبدات، بەو پێیەی بارودۆخی عێراق لە هەر كاتێكدا دەگۆڕێت”.  

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button