بەرپرسێکی گۆڕان ناوەڕۆکی کۆبونەوەی نێوان پلاسخارت و لایەنەکان ئاشکرادەکات

لڤین:

بەرپرسی ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆران، ناوەڕۆکی دوا دانیشتنی حیزب و لایەنەکان لەگەڵ جنین پلاسخارتی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەسەرهەمواری یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئاشکرا دەکات، جەخت لەسەرئەوەشدەکاتەوە نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاگاداری کردوونەتەوە لەوەی کات لەبەرژەوەندییان نییە.

 یاسین حەمە عەلی بەرپرسی ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند”هەمواری یاسای هەڵبژاردن چەند لقێکی لێدەبێتەوە، لەوانە بابەتی بازنەکانی هەڵبژاردن، هەرێم یەک بازنەی هەڵبژاردن بێت یان بکرێتە چوار بازنە، لەمەدا تەنها پارتی پێداگیربوو لەسەر یەک بازنەیی، ئەویش پێشنیاری تازەی پێبوو بەوەی 50 بە 50 دابەش بکرێت، واتە 50 کورسی دابەش بکرێتە سەر 4 بازنە و 50 کورسییەکەی تریش وەکو گشتی سەیر بکرێت، ئەمە پێشنیارێکی تازەبوو، لە داهاتوودا قسەی لەسەر دەکرێت.”

ڕوونیشیکردەوە، کورسی پێکهاتەکانیش ڕای جیاوازی لەسەر هەبوو، بەتایبەت لە ڕابردوودا لایەنێکی دیاریکراو کاریگەری هەبووە لەسەریان و نەتوانراوە نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی پێکهاتەکان بکرێت، وتی”وەکو گۆڕان پێشنیارمانکرد تۆماری دەنگدەران و ناوەندەکانی دەنگدان بۆ پێکهاتەکان جیا بکرێتەوە، بەڵام یەکێتی ڕای وابوو کورسی پێکهاتەکانیش بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردن دابەش بکرێت، لەکاتێکدا پارتی داکۆکی لەسەر ئەوە دەکرد، کورسی پێکهاتەکان با وەکو ڕابردوو بێت، بەڵام پێشنیاریکرد مادام گومان هەیە لەدەنگدانی تایبەت دا نوێنەری پێکهاتە دەرچوێنراوە، با ئەمجارە لەو دەنگدانەدا، دەنگ بە پێکهاتەکان نەدرێت.”

بەپێی وتەی بەرپرسەکەی ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان، کێشەی تۆماری دەنگدەران لە نێوان لایەنەکان دا کۆدەنگی لەسەر هەبووە، پرۆسەی بایۆمەتری بۆ تۆماری دەنگدەران لە ساڵی 2014 ەوە لە عێراق دەستیپێکردووە و 70%ی دەنگدەران تۆمارکراون، ئەم رێژەیە حەقیقیە، ئەم تۆمارە ڕێی لە لە ناوی وەهمی و دووبارە و مردوو گرتووە، هەرچەندە تا ڕادەیەک گومانیشی لەسەرە، بەڵام با ئەو تۆمارە لە کۆمیسیۆنی عێراق وەربگیرێت، وتی”یەکێتی پێشنیاریکرد گەر تۆماری بایۆمەتریش بێت، هەوڵبدرێت بەراورد بکرێت بە قەیدی ساڵی 1957، ئەمە بکرێتە بنەما بۆ تۆماری دەنگدەران.”

دەربارەی ڕای لایەنەکان لەسەر پێکهاتەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێم، کە لەسەر بنەمای پشک پشکێنەی حیزبی و قورسایی لایەنەکان لە هەڵبژاردنی ساڵی 2013 پێکهێنراوە، یاسین حەمە عەلی وتی”زۆرینە ڕای وابوو ئەم کۆمیسیۆنە کارا بکرێتەوە و ماف بدرێت بە لایەنەکان کەلێنەکان لە نوێنەرەکانی پڕ بکەنەوە، یاخود ئاڵوگۆڕ لە نوێنەر بکەن، بەهۆی بێ متمانەیی نێوان لایەنەکان و بەدیاریکراوی لەنێوان یەکێتی و پارتی، ئەم پرسە پەیوەستە بە هەمواری یاسای هەڵبژاردنەوە، یەکێتی نەیشاردەوە گەر ئەمڕۆ کۆمیسیۆن کارا بکرێتەوە، گەرەنتی نیە سبەی پارتی بە یاسا کۆنەکە هەڵبژاردن ئەنجام نەدات.”

دەربارەی ڕای نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ناکۆکی نێوان لایەنەکان، بەرپرسی ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان وتی”پلاسخارت داوایکرد گوێ لە پێشنیارەکانیان بگیرێت، چونکە خوێندنەوەیان بۆ دۆخەکە هەیە و دەزانن دۆخی ناوچەکە چەند هەستیارە، پێیوتین، گەر دۆخی عێراق بەردەوام بێت، دوور نییە پریشکی هەرێمیش بگرێتەوە، بۆیە نیگەرانبوو لەوەی جیاوازییەکان لە ئاستێکدان گەیشتنە ئەنجامی دواخستووە، ئاگاداریشی کردینەوە لەوەی وریای عاملی کات بین، کات درەنگە و دواکەوتن بۆ هەرێم خراپە.”

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button