ڕۆژهەڵاتی کوردستان.. کۆڵبەرێک شەهید کرا

لڤین:
بەهۆی تەقەی سوپای پاسدارانی ئێران كۆڵبەرێكی كورد شەهید کرا، كاتی تەقەكردنەكەش ساتی گەڕانەوەی ئەو كۆڵبەرە بووە لە هەرێمی كوردستان بۆ ڕۆژهەڵاتی كوردستان.
ئەمڕۆ شەممە 13ـی ئاب، ڕێكخراوی هەنگاو بۆ مافەكانی مڕۆڤ بڵاوی كردووەتەوە، ئێوارەی دوێنێ كۆڵبەرێكی لاوی خەڵكی سەلاسی باوەجانی سەربە پارێزگای كرماشان لە كوردستانی ڕۆژهەڵات بە ناوی محەمەد نادری /18 ساڵ/، لە كاتی كۆڵبەریدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی سوپای پاسداران شەهید کرا.
روون كراوەتەوە، هێزەكانی سوپای پاسداران لە سنووری شێخ سڵە تەقەیان لە ژمارەیەك كۆڵبەر كردووە كە لە كاتی گەڕانەوە لە هەرێمی كوردستان بوون، لە ئاكامی ئەو دەستڕێژەدا محەمەد نادری شەهید کراوە.
  ئەوەیش باس كراوە، محەمەد نادری هیچ جۆرە كاڵایەكی پێ نەبووە و تەرمی ڕەوانەی نەخۆشخانەی شوهەدا لە شاری سەرپێڵی زەهاو كراوە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button