سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین: سه‌دا 70ی خوێندكارانی زانكۆی سه‌لاحه‌دین له‌گه‌ڵ یه‌كپۆشین

لڤین:

سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین ڕایگەیاند، 70.6%ی خوێندکاران لەگەڵ سیستمی یەکپۆشیدان و لە سەرەتای ساڵی نوێی خوێندنەوە ئەو سیستمە لە زانکۆی سەڵاحەدین جێبەجێدەکرێت وهەر خوێندکارێکیش دوای دوجار ئاگادارکردنەوە پابەند نەبێت بۆ ماوەی هەفتەیەک لە زانکۆ دەکرێت.

د. کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “لەڕێگەی ڕاپرسییەکی ئەلیکترۆنییەوە توانرا ڕای نزیکەی 11 هەزار 450 خوێندکار سەبارەت بە یه‌کپۆشی وەربگرێت لەو ڕاپرسییەشدا چەند پرسیارێکی سەرەکی ئاڕاستەی خوێندکاران کراوە و 70.6%ی ئەو خوێندکارانەی کە بەشداریان لە ڕاپرسییەکەدا کردوە لەگەڵ ئەوەدان سیستەمی یەکپۆشی پەیڕەو بکرێت 29.4%  خوێندکاران لەگەڵ ئەوەدانین کە یەکپۆشی پەیڕەو بکرێت”.

سەبارەت بە ڕەنگی  پۆشکاکان، 74.6%ی خوێندکاران ڕەنگی ڕەش و سپیان بۆ ساڵی نوێی خوێندن لاپەسەندە، 70.9%ی خوێندکارانیش پێیان وایە بڕیاری یەک پۆشی دەبێتە هۆیەک کە بارگرانی لەسەر شانی خوێندکاران و خانەوادەکانیان کەمبکاتەوە.

د. کامەران یونس ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەنجومەنی زانکۆی سەڵاحەدین کۆبونەوە ده‌كات و بڕیار لە جێبەجێکردنی یەکپۆشی دەدرێت لە ساڵی خوێندنی 2022-2023 و لە (یه‌كی تشرینی یەکەم/10)ی ئەمساڵەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە ڕاگر و سەرۆک بەشەکان بەرپرس دەبن لە جێبەجێکردنی بڕیارەکە.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، ئەگەر خوێندکارێک پابەندنەبێت بە بڕیاری یەکپۆشی دوجار ئاگاداردەکرێتەوە و لە حاڵەتی پابەندنەبونیشیدا ئەوا خوێندکارەکە بۆ ماوەی هەفتەیەک لە زانکۆ دەکرێت.

سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لەوەدەکەن لە زانکۆکاندا نیقاب و حیجاب  قەدەغە دەکرێت سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین وتی، “بڕیاری یەک پۆشی تەنها بۆ دیاریکردنی ڕەنگی جلەکانە نەک بۆ قەدەغەکردنی نیقاب و حیجاب”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button