سزای سێدارەی دوو بەندکراوی ژن لە بەندیخانەی سنە و ئورمیە جێبەجێ کرا

لڤین:

سزای سێدارەی دوو بەندکراوی ژن بە ناوەکانی سوهەیلا عابیدی خەڵکی بیجاڕ و فەرانەک بەهشتی خەڵکی تیکاب کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، ئەمڕۆ سزاکەیان جێبەجێکرا.

ئەمڕۆ چوار شەممە، رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند ” سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، سزای لەسێدارەدانی دوو ژنی کورد لە گرتووخانەکانی ئورمیە و سنە جێبەجێ کرا”.

باس لەوەشکراوە،  یەکێک لە ژنەکان ناوی سوهەیلا عابیدییە و تەمەنی ٣٣ ساڵە، ناوبراو هەشت ساڵ پێش ئێستا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا و دواتر لەلایەن دەزگای دادی ئێرانەوە بە تۆمەتی کوشتنی هاوسەرەکەی سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو، هەروەها بەگوێرەی زانیارییەکان، سوهەیلا لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا ناچار بە ئەنجامدانی هاوسەرگیری کراوە.

” ژنە لەسێدارەدراوەکەی دیکە ناوی فەرانەک بەهەشتییە و پێنج ساڵ پێس ئێستا بە تۆمەتی کوشتنی هاوسەرەکەی دەستبەسەرکراوە و لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە، لە ماوەی پێنج ساڵی رابردووشدا لە گرتووخانەکانی مهاباد و ئورمیە راگیرابوو”.

رێکخراوی هەنگاو ئەوەشیخستەڕوو،  تاوەکو ئێستا جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی ئەو دوو ژنە لە میدیا فەرمییەکانی ئێرانەوە بڵاونەکراوەتەوە، هاوکات لەگەڵ ئەو دوو ژنەدا، ١٣ پیاوی دیکە لە گرتووخانەکانی سنە و ئورمیە بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بەسەریاندا گوازراونەتەوە ژووری تاکەکەسی و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەیانەوە بەدەست نەگەیشتووە.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button