قەرەیلان: ئێستا دەرفەتە حكومەتی هەرێم و پارتی هەڵوێستیان بەرامبەر توركیا هەبێت

لڤین:

ئەندامێكی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە ئاشكرای دەكات، دەوڵەتی تورك نزیكەی ١٠٠ خاڵی سەربازیی و ٣٠ هەزار سەربازی لەسەر خاكی عێراق هەیە و لە ماوەی سێ مانگدا زیاتر لە سێ هەزار هێرشی ئاسمانی بۆ سەر خاكی عێراق ئەنجامداوە، دەشڵێت: ئەمە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێم و پەدەکە هەڵوێستێکی نوێ بگرنەبەر بەرامبەر داگیرکاریی تورکیا.

موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ڕادیۆی دەنگی وڵات، تیشكی خستە سەر هێرشەكانی دەوڵەتی تورك و بۆسەر خاكی عێراق.

لەبارەی هەبوونی سوپای داگیركەری توركەوە لەسەر خاكی عێراق وتی: ئێستا زۆربەی بڕیارەکانی بەرپرسانی دەوڵەتی عێراق لەسەر ئەم بابەتە ڕاستن، بەڵام ئەو ژمارانەی دەیدەن کەمێک کەمترن لەوەی هەیە، ڕەنگە زانیارییەکانیان تەواو نەبێت، لە ڕاستیدا ژمارەی ئەو خاڵە سەربازیانەی دەوڵەتی تورک، کە لە باشووری کوردستان دروستکراون نزیکەی ١٠٠ خاڵن، بەڵام ژمارەی ئەو سەربازانەی لەسەر خاکی عێراق جێگیرکراون و چالاکن، بەلانیکەمەوە ٣٠ هەزار سەربازن.

قەرەیلان وتیشی: ئێستاش هێزە تایبەتەکان، کۆماندۆ…. هتد و هەموو لیوا پسپۆڕەکانی دەوڵەتی تورک لە باشووری کوردستانن، واتە لە عێراق دان، باش دەبێت کە مرۆڤ ئەمە بە دروستی بزانێت، بابەتێکی تر ئەوەیە، کە لە ماوەی سێ مانگدا و لە ١٤ی نیسانەوە تاوەکو ١٤ی تەمموز ژمارەی بۆردوومانەکانی فڕۆکە جەنگییەکان بۆ سەر خاکی عێراق دوو هەزار و ٥٧٤ و ژمارەی هێرشی هەلیکۆپتەرەکانیش هەزار و ٩٣٣ هێرش بووە.

“ئەمە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێم و پەدەکە هەڵوێستێکی نوێ بگرنەبەر، ئەگەر بیانەوێت دەرفەتیان بۆ ڕەخساوە و دەتوانن هەڵوێستێکی نوێ لە بەرامبەر داگیرکاریی تورکیا پەرە پێبدەن، بە واتایەکی تر لە بەرامبەر زیادبوونی هەژموون  باڵادەستیی داگیرکاری و دەستدرێژییەکانی تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان، دەکرێت هەم هەڵوێستی نەتەوەیی کوردستانی و هەم  عێراقیش پەرەی پێ بدرێت، هەم دەتوانن دەستکەوتی نوێ بەدەست بهێنن” موراد قەرەیلان وای وت.

هەروەها دەشڵێت: بەشێک لە سیاسەتی باشووری کوردستان هەر پێشتریش خاوەن هەڵوێست بوون، بەڵام ئەوانەی تا ئێستا هەڵوێستی خۆیان دەرنەبڕیوە، ئەوانەشی هاوکارییان دەکەن، دەتوانن دووبارە هەڵوێستی نوێ نیشان بدەن، چونکە ئەوە شتێک دەکرێت، لە هەمان کاتدا هیواش هەیە، کە ئەم سیاسەتە بگرنە بەر و دەستکەوتی نوێ بەدەست بهێنین، ئێمە هیوادارین لەم چوارچێوەیەدا پێشکەوتن ڕووبدات.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button