بەڕیتانیا و یەکێتی ئەوروپا سزاکانیان بۆ سەر ڕووسیا درێژتر دەکەنەوە

لڤین

بەڕیتانیا و یەکێتی ئەوروپا سزاکانیان بۆ سەر ڕووسیا بەهۆی داگیرکارییەکەیەوە لە ئۆکرانیا فراوانتر کردەوە.

بەگوێرەی هەواڵێکی دەنگی ئەمریکا، ئۆفیسی دەرەوەی بەڕیتانیا دەڵێت سزا بەسەر 42 کەس و لایەنی دیکەی ڕووسیدا سەپێندراون، لەوانەش فەرمانڕەواکانی هەرێمەکانی ڕووسیا و سەرۆک وەزیری هەرێمی دۆنێتسکی ئۆکرانیا ڤیتالی خۆتسێنکۆ کە کرێملن ئەو پۆستەی پێداوە. سزاکانیش قەدەغەکردنی گەشت و سڕکردنی سەرمایەکانیان دەگرێتەوە.

هاوکات ئەنجومەنی ئەوروپا ڕایگەیاند یەکێتی ئەوروپا سزاکانی دژ بە ڕووسیای بۆ شەش مانگی دیکە تاوەکو 31 ی مانگی یەکی ساڵی 2023 درێژکردەوە.

بەڕیتانیا وتی لە لیستی ئەو کەسانەی کە سزاکان دەیانگرێتەوە جێگری بەرپرسی هەرێمی لوهانسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا ڤلادیسلاڤ کوزنێتسۆڤیشی تێدایە کە ڕووسیا لەو پۆستەدا دایناوە.

وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا لیز تڕەس لە بەیاننامەیەکدا وتی ” بەبێ دەنگی دانانیشین و ببینین ئەکتەرە دەستنیشانکراوەکانی کرێملن خەڵکی ئۆکرانیا یاخود ئازادی خەڵکەکەی خۆیان سەرکوت بکەن. هەتاوەکو ئۆکرانیا سەردەکەوێت بەردەوام دەبین لە سەپاندنی سزای توند بەسەر ئەو کەسانەدا کە هەوڵ دەدەن ڕەوایی بدەن بە داگیرکارییە نایاساییەکەی پوتن.”

لە سەرەتای داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا، بەڕیتانیا سزای بەسەر زیاتر لە 1000 کەس و 100 کاری ڕووسیدا سەپاندووە.

یەکێتی ئەوروپاش بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشە ڕۆژئاواییەکانیدا شەشەمین خولی سزاکانی بۆ سەر ڕووسیا پێشکەش کرد.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button