پوتن سەردانی ئێران دەکات

لڤین:

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن سەردانی ئێرانی کرد، ئەوەش بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئیدا.

لە سەرەتای داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا، ئەمە یەکەمین سەردانی پوتن دەبێت بۆ دەرەوەی ناوچەی وڵاتانی پێشووی یەکێتی سۆڤییەت.

پوتن دەڵێت هەوڵەکانی ڕۆژئاوا بۆ ڕووخاندنی ئابووری ڕووسیا لە ڕێی سزا توندەکانیانەوە ڕاگەیاندنی جەنگی ئابوورییە دژی ڕووسیا، دەشڵێت ڕووسیا پشت لە ڕۆژئاوا دەکات و ڕوو دەکاتە چین و هیندستان و ئێران.

تەنها سێ ڕۆژ دوای کۆتایی هاتنی سەردانەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بۆ سعودیە، سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن گەیشتە تاران و پێنجەمین کۆبوونەوەی خۆی لەگەڵ خامنەئیدا ئەنجام دەدات. خامنەئی پێنجەمین ڕابەری باڵای ئێرانە و لە ساڵی 1989 دا دەسەڵاتی گرتەدەست.

یوری یوشاکۆڤی ڕاوێژکاری سیاسەتی دەرەوەی پوتن لە مۆسکۆ بە ڕۆژنامەنووسانی گوت ” پەیوەندییەکە لەگەڵ خامنەئیدا زۆر گرنگە، گفتوگۆی متمانەپێکراو هەیە لەنێوانیاندا لەسەر گرنگترین پرسەکانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و ئەجێندا نێودەوڵەتییەکان.”

گوتیشی ” لە زۆربەی پرسەکاندا، هەڵوێستمان زۆر لە یەکترەوە نزیکە یاخود وەکو یەکن.”

سەردانەکەی پوتن بۆ ئێران هاوکاتە لەگەڵ سەردانەکەی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغاندا بۆ تاران، دوو سەرۆکەکەش لە تاران کۆدەبنەوە و تاوتوێی ڕێکەوتنێک دەکەن کە ئامانج لێی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی گەنمە گەمارۆدراوەکەی ئۆکرانیایە لە دەریای ڕەشدا، هەروەها باس لە هەڕەشەکانی ئەردۆغان دەکەن بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی دیکە لە باکووری سوریادا، کە مۆسکۆ دژایەتی دەکات.

لە سوریا، ڕووسیا و ئێران پشتیوانی لە حکومەتەکەی بەشار ئەسەد دەکەن، لەلایەکی دیکەوە تورکیا پشتیوانی لە گروپە چەکدارییە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریا دەکات.

لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەیرانەکانی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا، پوتن چەند سەردانێکی کەمی بۆ دەرەوەی وڵات کردووە، دوایین سەردانی بۆ دەرەوەی ناوچەی وڵاتانی پێشووی سۆڤییەت لە مانگی دوودا بوو بۆ چین.

پێش سەردانەکەی پوتن بۆ تاران، وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ وتی ڕووسیا و ئێران ماوەیەکی زۆرە لەژێر سزاکانی ڕۆژئاوادان، باجەکەشی سەروەرییە.

بەرپرسێکی باڵای ئێران کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات گوتی ” پێویستمان بە هاوپەیمانێکی بەهێزە و ڕووسیاش زلهێزە.”

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button