بەهۆی لافاوە لە هەرێمەکانی دارفوری سودان 12 کەس گیانیان لەدەستداوە

لڤین:

نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوێکی مرۆیی دەڵێن بەهۆی باران بارینێکی بەخوڕی وەرزییەوە لافاو لە ناوچەی دارفوری ڕۆژئاوای سودان دروست بووە و لانیکەم 12 کەس گیانیان لەدەستداوە، منداڵیشیان تێدایە.

دەزگای هاریکارییەکانی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت درەنگانێکی ڕۆژی هەینی بارانێکی بەخوڕ لە کاسی هەرێمی دارفوری باشوور باریوە.

دەزگاکە لە زاری کۆمسیۆنی یارمەتییە مرۆییەکانی سودانەوە بڵاویکردەوە لافاوەکە کاریکردۆتە سەر نزیکەی 540 کەس، هەروەها زیانی گەیاندووە بە زیاتر لە 100 خانوو لە ناوچەیەکدا کە ئاوارەکانی تێدا ژیاون.

بەرپرسێکی دەزگای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، تۆبی هاروارد، باسی لە گیان لەدەستدانەکان کرد، لە تویتەر گرتە ڤیدیۆییەکی بڵاوکردەوە کە تیایدا ناوچە و خانووەکانی پیشان دەدات کە سەر ئاو کەوتوون. وتی دەزگاکەی و هاوبەشەکانی کاردەکەن بۆ دابینکردنی یارمەتی مرۆیی بۆ ئەو کەسانەی کە بەهۆی لافاوەکەوە زیانییان بەرکەوتووە.

ڕێکخراوی گشتی هاریکارییەکان بۆ پەنابەران و ئاوارەکان لە دارفور، کە ڕێکخراوێکی ناحکومییە، وتی ئافرەتێکی دووگیان و دوو منداڵی تەمەن 2 ساڵ و 8 ساڵ لەنێو ئەوانەدا بوون کە گیانیان لەدەستداوە.

دەزگای هاریکارییەکانی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت لانیکەم 9,336 کەس بەهۆی باران بارینە بەخوڕەکەوە زیانییان بەرکەتووە و هەرێمەکانی باشووری کۆردۆفان و باشووری دارفور و وایت نایڵ و کاسالای گرتۆتەوە.

وەرزی باران بارینی سودان زۆرجار تاوەکو کۆتایی مانگی نۆ دەخایەنێت. ساڵی ڕابردوو بەهۆی لافاو و باران بارینە بەخوڕەکەوە زیاتر لە 80 کەس گیانیان لەدەستدا و دەیان هەزاران خانوو لە سەرانسەری وڵاتەکەدا سەر ئاو کەوتن.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button