حکومەتی داهاتووی عێراق دەست بەسەر دۆسیەی نەوتی هەرێمدا دەگرێت

لڤین:

پەرلەمانتارێکی سەر بەهاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆکایەتیی نوری مالیکی ئاشکرایکرد، جوڵەیەکی پەرلەمانیی هەیە بۆئەوەی ڕێگریی لەبەردەوامبوونی بەقاچاخبردنی نەوتی هەرێم بکرێت، ده‌شڵێت:”حکومەتی داهاتووی عێراق حکومەتێکی بەهێز دەبێت‌و بەتەواوەتیی دەستبەسەر دۆسیەی نەوتی هەرێمدا دەگرێت”.

محەمەد شەمەری پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگه‌یاند، “چوارچێوەی هەماهەنگیی دەیەوێت حکومەتێکی بەهێزو بەتوانا دروستبکات کە بتوانێت کۆنترۆڵی هەموو جومگەکانی دەوڵەت بکات”.

جەختیشده‌كاته‌وه‌، حکومەتی داهاتوو بەتەواوەتیی کۆنترۆڵی نەوتی هەموو عێراق دەکات‌و ڕێگەنادات ئەو نەوتە لەدەرەوە بەنرخێکی هەرزان‌و بەسەرچاوەی نادیار بفرۆشرێت (وەک ئاماژەیەک بەهەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان).

بەوتەی شەمەری، لاوازیی حکومەتی ئێستای بەغداو هەڵوێستە سیاسییەکانی هۆکاری بەردەوامی هەرێم بووە لەهەناردەکردنی نەوت بۆ دەرەوە.

دەشڵێت:”حکومەتی هەرێم زۆرینەی کات وەک هەرێمێکی جوداخواز مامەڵە دەکات‌و پابەندی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی نابێت کە بڕیاری نادەستووریبوونی دۆسیەی نەوتی هەرێمیداوە”.

لەدوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیی بۆ بەنایاسایی ناساندنی دۆسیەی نەوت‌و غازی هەرێمی کوردستان، ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، “پێویستە پێداچوونەوە بەگرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستاندا بکرێت‌و کۆمپانیایەکی نوێ لەهەولێر دابمەزرێت بەمەبەستی بەڕێوەبەردنی کەرتی نەوت کە لەلایەن کۆمپانیای نەوتی فیدڕاڵیی (سۆمۆ) سەرپەرشتی بکرێت، بەڵام حکومەتی هەرێم سەرجەم ئەو ڕێکارانە ڕەتدەکاتەوەو ڕایدەگەیەنێت، کە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیی نایاساییەو ئەوان پێیەوە پابەند نابن”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button