فراكسیۆنی سادقون بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار ده‌نگ به‌ كاندیده‌كه‌ی یه‌كێتی دەدەن

لڤین:

وته‌بێژی فراكسیۆنی سادقون رایگه‌یاند: پشتیوانی له‌ كاندیده‌كه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌كه‌ین بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار و كاندیدیشمان بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران ئاماده‌یه‌.

مه‌حمود روبه‌یعی وته‌بێژی فراكسیۆنی سادقون له‌ لێدوانێكیدا ئاشكرایكرد كه‌ محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق په‌یوه‌ندی پێوه‌كردوون به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی دانیشتنی ئه‌نجومه‌ن تایبه‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماری عیراق.

وته‌بێژه‌كه‌ی فراكسیۆنی سادقون ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، پشتیوانی له‌ كاندیدی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراق ده‌كه‌ین.

له‌باره‌ی كاندید بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێی عیراق، ئه‌وه‌ی ئاشكرا كرد كه‌ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی دوو كاندیدی هه‌یه‌و له‌چه‌ند سه‌عاتی داهاتوودا ئه‌وه‌ش یه‌كلا ده‌بێته‌وه‌و كاندیدێك بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێی عیراق ده‌ستنیشان ده‌كرێت.

له‌لایه‌كی تره‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق داوای له‌ سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كان كردووه‌ رۆژی دووشه‌ممه‌ 18ی مانگ ئاماده‌بن بۆ كۆبوونه‌وه‌.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button