ڕووسیا ئۆپەراسیۆنەکانی لە ئۆکرانیا زیاتر دەکات

لڤین

ڕووسیا دەڵێت هێزەکانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان لە ئۆکرانیا ” لە هەموو ئەو ناوچانەی ئەرکییان تێدایە ” زیاتر دەکەن، هاوکات موشەک و ڕۆکێتەکانی ڕووسیا شارەکانی ئۆکرانیایان کردە ئامانج و کیێڤیش دەڵێت لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا دەیان کەس کوژراون.

لە ماوەی ڕابردوودا فەرمانڕەوای هەرێمی خارکیڤ وتی بەهۆی هێرشێکی ئاسمانی ڕووسیاوە بۆ سەر شارۆچکەی چوهویڤی هەرێمی خارکیڤ سێ کەس کوژران، لەنێویشیاندا ژنێکی تەمەن 70 ساڵی تێدا بووە، هەروەها سێ کەسی دیکەش برینداربوون.

دانیشتوویەکی شارەکە کە لەسەر پاشماوەی خانووە ڕووخاوەکەی دانیشتبوو و تەمەنی 83 ساڵە وتی ” سێ کەس ژیانییان لەدەستدا، بۆچی؟ لەبەرچی؟ چونکە پوتن شێت بووە؟”

لەلایەکی دیکەوە فەرمانڕەوای هەرێمی دنیپرۆپێترۆڤسک، ڤالێنتین ڕێزنیچینکۆ و تیمەکانی فریاگوزاری بەپەلە وتیان بەهۆی بۆردومانەکانی ڕووسیاوە بۆ سەر شارۆچکەی نیکۆپۆلی باشووری ئۆکرانیا دوو کەس کوژراون.

ئۆکرانیا دەڵێت لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا لانی کەم 40 کەس لەو جۆرە هێرشانەدا بۆ سەر ناوچەکانی دانیشتوان کوژراون. ڕووسیاش دەڵێت لە ئامانجە سەربازییەکانی داوە.

وەزیری بەرگری ڕووسیا سێرگێی شویگۆ فەرمانی بە یەکە سەربازییەکان کرد ئۆپەراسیۆنەکانیان چڕتر بکەنەوە تاوەکو ڕێگە لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئۆکرانیا بگرن بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا و ئەو ناوچانەی دیکەی وڵاتەکە کە لەژێر دەسەڵاتی ڕووسیادان، وتیشی ئۆکرانیا لە هاوڵاتیانی مەدەنی دەدات لەو ناوچانەدا.

وادەردەکەوت لێدوانەکانی شویگۆی هاوپەیمانی نزیکی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن وەکو وەڵامێک بێت بۆ لێدوانەکانی کیێڤ کە دەڵێن هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمدواییانەی ئۆکرانیا 30 ناوەندی لۆجیستیکی ڕووسیایان لەناوبردووە و هێڵی گەیاندنی پێویستی و پشتیوانییەکانیان بۆ هێزەکانی ڕووسیا تێکداوە.

ڕۆژی هەینی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا گوتی تەنها لە سەدا 30 ی هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیا ئامانجە سەربازییەکان دەپێکن، ئەوانی دیکە بەسەر هاوڵاتیانی مەدەنیدا دەکەونە خوارەوە.

لە یەکێک لە هێرشە ئاسمانیەکانی ئەمدواییانەی ڕووسیادا، هێزەکانی ڕووسیا بە موشەکی کالیبر بینایەکیان لە شاری ڤینیتسیا کردە ئامانج، شارەکە 370,000 دانیشتووی هەیە و دەکەوێتە 200 کم لە باشووری ڕۆژئاوای کیێڤەوە.

ئۆکرانیا دەڵێت هێرشەکە بووە هۆی کوژرانی لانیکەم 23 کەس و برینداربوونی دەیان کەسی دیکە. لەنێو کوژراوەکاندا منداڵێکی تەمەن چوار ساڵی تێدا بووە بە ناوی لیزاوە، وێنە و گرتە ڤیدیۆییەکانی لیزا پێش هێرشەکە بەخێرایی بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبوونەوە.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی هێرشەکەی سەر ڤینیتسیا ئامانج لێی بینایەک بووە کە تیایدا بەرپرسانی باڵای هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا کۆبوونەوەیان لەگەڵ دابینکەری چەکە بیانییەکاندا ئەنجامداوە.

فەرمانڕەوای هەرێمی دنیپرۆپێتۆڤسکی ئۆکرانیا ڤالێنتین ڕێزنیچینکۆ وتی درەنگانێکی ڕۆژی هەینی بەهۆی هێرشێکی موشەکی ڕووسیاوە بۆ سەر ناوەڕاستی شاری دنیپرۆ لانیکەم سێ کەس کوژران و 15 کەسی دیکە برینداربوون.

ڕێزنیچینکۆ گوتی ” موشەکەکان لە وێستگەیەکی پیشەسازی و شەقامێکی قەرەباڵغی نزیک وێستگەکەیان داوە.” ڕووسیاش دەڵێت لە کارگەیەکی داوە کە پارچەی موشەکی تیادا دروست کراوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button