جۆنسن:دەست لەکارناکێشمەوە

لڤین:

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن دەڵێت بە نیاز نیە دەست لەکاربکێشێتەوە، گوتیشی دوایین شت وڵاتەکە بیەوێت هەڵبژاردنی نیشتیمانییە.

جۆنسن بە لیژنەیەکی پەرلەمانی وڵاتەکەی گوت ” دەست لەکارناکێشمەوە و بەڕاستی دوایین شت ئەم وڵاتە بیەوێت هەڵبژاردنە.”

لێدوانەکەی جۆنسن دوای ئەوە هات وەزیرانی حکومەتەکەی لە شوێنی مانەوەی جۆنسن کۆبوونەوە و داوایان لێکرد دەست لەکاربکێشێتەوە، لەکاتێکدا کە دەنگی ناڕەزاییەکان دژی جۆنسن لە ناوخۆی پارتەکەشیدا زیادیکردووە.

سەرچاوەیەک گوتی کۆمەڵێک وەزیری حکومەتەکەی جۆنسن لە داونینگ ستریت کۆبوونەتەوە و داوایان لێکردووە دەست لەکاربکێشێتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە زیاتر لە 30 ئەندامی حکومەتەکەی دەستیان لەکارکێشایەوە و زۆرێک لە یاسادانەرانی پارتەکەشی لە ڕاپەڕینێکی ئاشکردان دژی جۆنسن.

سەرچاوەیەکی دیکە گوتی لانیکەم یەک وەزیر پشتی جۆنسنی گرتووە و پێی گوتووە پاڵپشتی دەکات ئەگەر بڕیار بدات بەردەوام بێت لە کارەکەی وەکو سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا.

سەرەڕای زیادبوونی داواکان بۆ دەست لەکارکێشانەوەی، جۆنسن وتی بەپێی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2019 کە سەرکەوتنی تیادا بەدەستهێنا، ناچارە بەردەوام بێت.

دوای ئەوەی ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە وەزیری تەندروستی و دارایی بەڕیتانیا دەستیان لەکارکێشایەوە، قەیرانێک لە ناوخۆی وەزارەتەکانی دیکەی بەڕیتانیادا دروست بوو و کۆمەڵێک ئەندامی دیکەی حکومەتەکە دەستیان لەکارکێشایەوە، هاوکات زۆرێک لە ئەندامانی پارتی پارێزگارانی بەڕیتانیا دەیانەوێت جۆنسن دەست لەکاربکێشێتەوە.

جۆنسن بەڵێنیداوە بەردەوام بێت، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی ئەوانەی کە پێشتر لایەنگرییان دەکرد ئێستا دەڵێن ئەم قەیرانەی کە هەیە تەنها بە دەست لەکارکێشانەوەی جۆنسن کۆتایی دێت. وتەبێژی جۆنسن وتی سەرۆک وەزیر دڵنیایە لەوەی لە دەنگدانێکی دیکەشدا سەبارەت بە متمانە سەندنەوە لێی سەردەکەوێت.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button