لە ڕۆژئاوای کوردستان دۆخی نائاسایی ڕاگەیەندرا

لڤین:

بەهۆی هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دۆخی لە ناکاوی لە سەرانسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ ئەنجومەنی گشتیی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بڕیاری ژمارە هەشتی دەرکرد و دۆخی لەناکاوی لە سەرانسەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاگەیاند، هاوکات سەرجەم کارەکانیشی تەرخانکرد بۆ پاراستنی خەڵک بەرامبەر هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک.

وەک لە بڕیارەکەدا هاتووە: لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیی و بەهۆی هەڕەشە بەردەوامەکانی داگیرکاریی تورکیا دژی ناوچەکانی خۆبەڕیوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، کە بەهەموو چەکێکی قورس و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، هاوڵاتیان و نەخۆشخانە و تۆڕەکانی ئاو و کارەبا دەکاتە ئامانج، بۆیە ڕۆژی چوارشەممە ٦ی ٧ی ٢٠٢٢، ئەنجومەنی گشتیی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجامدا و سێ بڕیاری دەکرد.

بڕیارەکانی ئەنجومەنی گشتیی خۆبەڕێوەبەریی بریتین لە؛

١- دۆخی لەناکاو لە سەرانسەری ناوچەکانی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕادەگەیەندرێت.

٢- ئاگادارکردنەوەی هەموو ئەنجومەن، کۆمیتە و دامودەزگاکانی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ ئامادەکردنی پلانی دۆخی لەناکاو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشە و مەترسییەک.

٣- بەکارهێنانی هەموو پێداویستییەکان بۆ خزمەتکردنی پاراستنی خەڵک لە هەر هێرشێکی دوژمنانە دژی ناوچەکانی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، دەبێت هەموو ئەنجومەنەکانی خۆبەڕێوەبەریی لە کارەکانیاندا گرنگیی بە ڕووبەڕووبوونەوە بەرامبەر هەڕەشەکان بدەن.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: دەوڵەتی تورک نیازی هەیە کە ناوچەکانی دیکەی سووریا داگیربکات، دیمۆگرافیای ناوچەکە بگۆڕێت و دانیشتووانی ڕەسەنی ناوچەکان ئاوارە بکات، ئەوەش لەپێناو زیادکردنی مەودای ناوچە داگیرکراوەکان و جێبەجێکردنی ئەجێنداکانیدا.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button